میدیاكانی عێراق: حكوومەتی سوودانی توانای جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژیی نییە

دوای ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بەر لە مانگێك رای گەیاند كە دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژیی “ڕێگای گەشەپێدان” دەكەن، ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە مەحاڵە حكوومەتەكەی سوودانی بتوانێ ئەو پرۆژە زەبەلاحە یان هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیی تر جێبەجێ بكات یاخود پارەی دابین بكات. حكوومەتی فیدراڵی رای گەیاندبوو كە پرۆژەی ستراتیژیی “ڕێگای گەشەپێدان”، عێراق بەرەو بووژاندنەوەیەكی گەورە دەبات کە تەمەنی زیاتر لە 100 ساڵە، شاری بەسرا لە باشوورەوە، بە ئەورووپا دەبەستێتەوە، بە تورکیاشدا تێدەپەڕێت، بە هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگای قیرتاوەوە، کە عێراق دەکاتە دەروازەیەکی بازرگانی و خاڵێکی هاوشێوەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، بەڵام ئەمڕۆ میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەی ئاگەداری حكوومەتەوە بڵاویان كردووەتەوە كە ئەم پرۆژە ستراتیژییە ڕەنگە هەر لەسەر کاغەز بمێنێتەوە، چونكە مەحاڵە جێبەجێ بکرێت، بە تایبەتی بەهۆی لاوازی و بێتوانایی حكوومەتی فیدراڵی لە پارەدارکردنی پرۆژەی ستراتیژی. ئەمەش لە كاتێكدایە كە سوودانی لە 27ی ئایاری رابردوودا، لە میانی كۆنگرەیەكی ئابووریی فرەواندا لەدایكبوونی پرۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”ی راگەیاند، گوایە لە كۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێ و بڕی 17 مليار دۆلاری ئەمریكی تێدەچێ. لەمبارەیەوە ماڵپەڕی “زە نیو ئەرەب” بڵاوی كردووەتەوە كە ئەو پرۆژەیەی سوودانی رای گەیاندووە زۆر زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری تێدەچێ، ئەمەش لە كاتێكدایە كە حكوومەتی عێراقی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان نەكردووە و دیار نییە كە داخۆ حكوومەتی فیدراڵی بە راستی بە نیازی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە یاخود تەنها لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە.