دەستەی دەستپاكیی عێراقی فیدراڵ ئاشكرای دەكات، بەرپرسێک لە کاتی بەرتیلوەرگرتندا گیراوە. فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە: “ئۆپراسیۆنێک بە یاداشتنامەیەکی دادوەری ئەنجام دراوە، ئەویش پاش بەدوداچوونی سکاڵای هاووڵاتیان لەم بارەیەوە کە بۆ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە پارێزگای دیالە بەرز کرابوونەوە، دەربارەی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن بەڕێوەبەرێکەوە.” ئاماژەی بەوەش کردووە: ”نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لێژنەیەکی بۆ سەرڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە پێک هێنا و بۆسەیەکی بۆ تاوانبارەکە نایەوە بۆ دەستگیرکردنی لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلەکەدا.” دەستەکە ئاشکرایشی کردووە: “تیمی دەستپاکی پەڕاوێکی یاسایی کردەوە و لەگەڵ بەڵگەکاندا پێشکەش بە دادوەر کرا، ئەویش بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.” بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند بە چاودێریكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، عێراق لە پلەی 163مین وڵاتی دنیا لە كۆی 194 دەوڵەت دێت لە لیستی ساڵانە بۆ تەشەنەكردنی بەرتیل، ئەوەش دووەم ساڵە هەمان پلەبەندیی هەیە.