شەڕ و ئاژاوەكانی فەرەنسا بە هۆی كوژرانی هەرزەكارێكەوە بەردەوامە

بۆ هەفتەیەك دەچێت شەڕ و ئاژاوەكانی ناو چەند شارێكی فەرەنسا، بە هۆی كوژرانی هەرزەكارێكەوە بەناوی ناهیل ئێمی تەمەن ١٧ ساڵ بە دەستی پۆلیس، بەردەوامە. كوژرانی ناهیل بە دەستی پۆلیسێكەوە، دوای ئەوەی ئامادە نەبوو ئۆتۆمبێلەكەی لە خاڵی پشكنین رابگرێت، بووە هۆی هەڵگیرسانی ئاژاوە لە شارەکانی فەرەنسا و بەتایبەتییش شارۆچکەی نانتێر لە ڕۆژئاوای پاریس، کە هەرزەكارەكەی تێدا گەورە بووە. ناهیل تاکە منداڵی دایکیەتی تەمەنی ۱۷ ساڵ بوو، وەک شۆفێری گەیاندنی خواردنی خێرا کاری دەکرد و یاریزانی خولی ڕەگبی بوو. هەرزەكارەكە لە میدیای فەرەنسا بە کەسێکی ئاژاوەچی وەسف کراوە، ئەمساڵ لە کۆلێژێکدا لە شاری سورێسنس کە دوور نییە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، ناوی تۆمار کردبوو بۆ راهێنان و خوێندنی كارەبا. ئەوانەی ناهێلیان ناسیوە کە بە ڕەچەڵەک كوڕی بنەماڵەیەكی پەنابەری جەزائیری بوو، دەڵێن لە شاری نانتێر زۆر خۆشەویست بووە، لەگەڵ مۆنیای دایکی دەژیا و هەرگیز باوکی خۆی نەبینیوە. ناهێل پێشتر تووشی کێشە بووە و لەلایەن پۆلیسەوە ناسرابوو، بەڵام پارێزەرانی خێزانەکەی دووپاتیان کردەوە کە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نییە، سەرباری ئەوەش ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و فەرەنساییەكان بە گشتی دژی كوژرانی هەرزەكارەكەن و پێیان وایە هەرچی كردبێت، هی ئەوە نەبووە بە دەستی پۆلیس بەم شێوەیە بكوژرێت. لای خۆیەوە دایکی ناهیل پێی وایە كە ئەو ئەفسەرە پۆلیسەی کە تەقەی لە كوڕەكەی کردووە، ڕووخساری منداڵێکی عەرەبی بینیوە و بڕیاری داوە بیكوژێت، دایكی ناهیل بە کەناڵی پێنجی فەڕەنسای گوتووە ئەو تەنها ئەو کەسە تاوانبار دەکات کە تەقەی کردووە نەک تەواوی پۆلیسی فەرەنسا، دەشڵێ هاوڕێی هەن کە ئەفسەری پۆلیسن، ئەوان بە تەواوی دڵنەوایی و پشتیوانی دەكەن.