ئاگرەکەى شارباژێر سێ هەزار دۆنم پاوەن و دارستانى سووتاندوە

گوتەبێژى پۆلیس و دارستانى ژینگەى سلێمانى ئاشکراى کرد، دواى چەندین کاتژمێر لە کەوتنەوەى ئاگرەکە و سووتانى سێ هەزار دۆنم پوش و پاوەن و دارستان، توانرا ئاگرەکەى شارباژێر کۆنترۆڵ بکرێت. هێمن کەمەرخان، گوتەبێژى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “پاشنیوەڕۆى دوێنێ بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی بەوزان لە شارباژێر کەوتەوە و دواتر گوندەکانی مووبڕە و گۆڕەدێم و چەند گوندێکی دیشی گرتەوە “. گوتیشى: “هەرچەندە هەر لە سەرەتاى ئاگرەکەوە کارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک و لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزای چوارتا و خەڵکی ناوچەکە دەستیان کرد بە کووژاندەوەی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی و بایەکی بەهێز لەو کاتەدا پووش و پاوانێکی زۆر سووتا و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بوو بە جۆرێک چەندین مین و تەقەمەنی تەقینەوە و ئەمەش وای کرد ڕووبەری ئاگرەکە فراوانتر بێت و سێ هەزار دۆنم پووش و پاوەن و دارستانى ناوچەکە بسووتێت”. باسى لەوەش کرد: “دواى چەندین کاتژمێر شەوى ڕابردوو توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و لە کاتى کۆنترۆڵکردنیشیدا کارمەندێکى پۆلیسى دارستانی شارباژێر دۆخی تەندروستیی تێک چوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا “.