وردەكاریی دەوامی مامۆستایان ئاشكرا دەكرێت و بۆ خەرجكردنی دەرماڵەیەكیشان روونكردنەوە دەدرێ

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانێك، دەستبەكاربوونی مامۆستایان و وردەكاریی دەوامیان لە قوتابخانەكان ئاشكرا دەكات و بەرپرسێكیش لەبارەی دەرماڵەی جوگرافی بۆ مامۆستایان روونكردنەوە دەدات. بەپێی فەرمانێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە 6ی7ی 2023 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، چۆنیەتیی دەستبەكاربوونەوە و دەوامی مامۆستایان روون كراوەتەوە. ئەوە هاتووە: “پەیوەندیکردنەوەی مامۆستایان (وانەبێژ، میلاک) بۆ ساڵی نوێی خوێدنی 2023- 2024 بە ناوەندەکانی خوێندن لە 3ی 9 ی 2023 دەبێت.” ئاماژە بەوەش كراوە، كە بۆ دەوامی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن و چۆنیەتیی دەوامكردن و بەشە وانەكانیان، دواتر بە گشتاندنێك وەزارەتی پەروەردە رێكارەكان روون دەكاتەوە. باسی ئەوەش كراوە، كە وانەبێژی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023- 2024 دانانرێت، دانانی وانەبیژی نوێ لە کاتی زۆر پێویست، پێویستی بە دەسەڵاتی وەزارەتە و لیستێک دروست دەکرێت بەناوی لیستی وانەبێژانی زیادە، بۆ ئەو وانەبێژانەی لە ساڵی نوێ لادەدرێن، لە کاتی بوونی فەراغ ئەوان دادەنرێنەوە، کە لادراون. جەختیش كراوەتەوە، كە دووبارە فەرمانی دانانەوە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023- 2024 دەردەچێت. وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش داوە، لە 16ی 8 بۆ 23ی 8 پێویستە سەرجەم قوتابییان لە قوتابخانەكان بەسەر هۆبەكان دابەش بكرێنەوە و بخرێنە نێو سیستەمی (ئی پەروەردە) و لە 27ی 8 بۆ 3ی 9ی 2023، خشتەی بەشەوانە و هەفتانە جێگیر بكرێن. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “رۆژی 3ی 9ی 2022، وادەی دەستبەكاربوونی مامۆستایانە لە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە.” ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو رێكار و رێنوێنییانەی، كە وەزارەتی پەروەردە دەریان دەكات، كاروباری قوتابخانە حكوومییەكان رێك دەخرێت. لە هەرێمی كوردستان، پێنج هەزار و 500 قوتابخانە و نزیكەی 120 هەزار مامۆستای هەمیشەیی و 35 هەزار مامۆستای وانەبێژیش هەن. لای خۆیەوە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دەبێت مامۆستایانی هەمیشەیی و وانەبێژ، رۆژی 3ی 9ی 2023 سەردانی قوتابخانەكانی خۆیان بكەن و دەستبەكاربوونەوەی خۆیان لە رێگەی كارگێڕیی قوتابخانەكان تۆمار بكەن، پاشان دەوام ناكەن تاوەكوو دەوامی فەرمیی قوتابخانەكان دەستی پێدەكاتەوە.” ئاماژەی بەوەش دا، ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتیان تەواو بووە، دەبێت ئەوانیش دەست بەكار بكەنەنەوە، گوتیشی: “ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتیان هەیە، مۆڵەتی خوێندن بێت، یان مۆڵەتی دایكایەتی و ماوەی مۆڵەتەكەیان تەواو نەبووە، ئەوانە دەستبەكاربوونەوە ناكەن و دەوامیش ناكەن، بەڵام ئەوانەی مۆڵەتیان تەواو بووە، دەبێت دووبارە دەستبەكاربوونەوە بكەن.” سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان ئاشكراشی كرد: “دەرماڵەی جوگرافییش، كە بەهۆی پشووی هاوین، لە مانگی حەوت و هەشت دەبڕێت، لە مانگی 9 دووبارە بۆ مامۆستایان خەرج دەكرێتەوە، كە بڕەكەی لەنێوان 20 بۆ 75 هەزار دیناردایە.” جەختیشی كردەوە، زۆر هەوڵ دراوە بۆ ئەوەی دەرماڵەی جوگرافی بۆ بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەر و كارگێڕی قوتابخانەكان خەرج بكرێت، چونكە هەفتانە چەند رۆژێك لە پشووی هاوینیش دەوام دەكەن، گوتیشی: “وەزارەتی پەروەردە لاریی نەبووە لە خەرجكردنی دەرماڵەكە، بەڵام وەزارەتی دارایی بە بیانووی جۆراوجۆر خەرجی ناكات، ئەوەش كارێكی باش نییە و ناحەقیی تێدایە.”