شاندێكی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا دەكات

رۆژی پێنجشەممە13ی7ی2023 شاندێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیایان لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا كرد. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتەكە شاندەكە بە سەرۆكایەتیی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەت و بە یاوەری راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت سەردانی پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیایان کردووە لە شاری بەرشەلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا و لەلایەن ئەلبا ڤێرگاس جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئانا بالسێرا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازییان لێ کرا. لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە “لەو دیدارەدا کە ئایدن ئۆستان نوێنەری کاربەڕێکەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو وەزیری كاروباری شەهیدان تیشکی خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە بۆ بەشداریکردن بوو لە شازدەیەمین کۆنفرانسی یەکێتیی زانایانی جیهان لە شاری بەرشەلۆنە لە تەوەرێکی دیكەی ئەو دیدارەدا وەزیر باسی لە قوربانیدان و نەهامەتیەکانی خەڵکی کوردستان و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید کرد.” لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند کە پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیا پرسی جینۆسایدی کورد دەخاتە پێشینەی کارەکانی بۆ ئەوەی ئەو کارەسات و جینۆسایدانەی کەبەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە بە زیندوویی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بمێننەوە.