هاووڵاتیان له‌باره‌ی به‌ناوكردنی سیم‌كارت و كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی و پاشان فرۆشتنه‌وه‌ی گروپێكی فێڵباز، ئاگادار ده‌كرێنه‌وه و لیژنه‌ی ئه‌منی چه‌مچه‌ماڵیش ده‌لیت: هه‌ركه‌س ئه‌و كاره بكات ده‌ستگیر ده‌كرێت. ئه‌مڕۆ شه‌ممه 15/7/2023، لیژنه‌ی ئه‌منی چه‌مچه‌ماڵ رایگه‌یاند: “دانیشتوانی سنوورەکە و سەرجەم دووکانەکانی فرۆشتنی سیمکارت و ھاوڵاتیان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، فرۆشتنی سیمکارت بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی و ھەڵخەڵەتاندنی ھاووڵاتیان بە پێدانی بڕێک پارە کە لەنێوان (25 تا 100) ھەزار دینارە، بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ھەر کەسێک ئەو کارە بکات سزا دەدرێت.” ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەیەکە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان گروپێک په‌یدابوون، بەرامبەر بە بڕێک پارە کە بەھاووڵاتیانی دەدەن، سیمکارتیان بەناو دەکەن و ھەژماری بانکییان بەناوەوە دەکەنەوە و لە دەرەوەی وڵات ئاڵوگۆڕی دراو بەو ھەژمارەوە دەکرێت، بەبێ ئەوەی ھاوڵاتییهكه ئاگادار بێت، به‌وجۆره بڕه پارەیەکی زۆر بە ناوییەوە حەواڵە ده‌كرێت، بەو ھۆیەشەوە باجێکی زۆر دەچێتە سەرناوەکەی و ھەر کاتێک کاری بە فەرمانگەیەکی حکوومی هه‌بێت، سەرجەم باجەکەی لێی وەردەگیرێت، کە ڕەنگە دەیان ملیۆن دینار بێت، بۆیە ھەر کەسێک کاری لەو شێوەیە بکات، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
هه‌ركه‌س كڕین و فرۆشتن به هه‌ژماری بانكییه‌وه بكات ده‌ستگیر ده‌كرێت
