مەریوان نەقشبەندی: دۆستایەتیی بافڵ تاڵەبانی و رەییان کلدانی رۆڵی لە دەرکردنی مەرسوومەکەی سەرکۆمار دژی مەسیحییەکان هەیە

‎شارەزایەکی کاروباری ئایینەکان رایدەگەیەنێت، مەرسوومەكەی سەرکۆماری عێراق لە دژی مەسیحییەكان، لەژێر كاریگەریی دۆستایەتیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و رەییان كلدانی دەركراوە. ‎مەریوان نەقشبەندی، شارەزای کاروباری ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیان: ”لویس ساکۆ، هاوڕێی شەخسیی منە، کۆپییەکی نامەکەی بۆ من ناردووە،‎مەسیحییەکانی عێراق لە دوای ٢٠٠٨ەوە دووچاری کێشە و گرفتی زۆر گەورە بوونەتەوە، هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مەرجەعەكانی مەسیحییەکان و ڤاتیکان هۆشداریی چۆڵبوونی عێراقیان لە مەسیحییەکان دەدا، ئێستاش ٩٠%ی مەسیحییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، بەشی زۆریان لەسەر ئەوەی موڵک و ماڵیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق داگیر کراوە و رووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن بوونەتەوە، ئێستاش بەم بڕیارەی لویس ساكۆ، بەپێی ئەوەی گفتوگۆم لەگەڵدا کردووە، دوای كشانەوەی ئەو مەرسوومەی سەرکۆمارە، کە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لویس ساكۆ بە فەرمی دانی پێدا نانرێ و دەیانەوێ وەک فەرمانبەرێکی حکوومەتی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بكەن، لویس ئەوە قبووڵ ناکات و دەڵێ ئەو پێگەیەی من بە هەڵبژاردن و کەنیسە بووە، کە کلدانییەکان بەو شێوە مامەڵەیان کردووە.“ ‎هاوکات گوتیشی: ”ئەو گوشارانەی دەخرێنە سەر لویس ساكۆ، بەهۆی هەڵوێستەکانیەتی بەرامبەر بەو تاڵانی و زوڵمەی لە مەسیحییەکانی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێ، کە لەلایەن هەندێک لە گرووپە وەلائییەکانی عەرەبی شیعە و بەتایبەت کەسێک بەناوی رەییان کلدانی، کە کەسێکی داواكراوە لەنێو وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و لە لیستی داواکراوەکانە و قەدەغەی خراوەتە سەر.“ ‎سەبارەت بە نزیکیی رەییان کلدانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانی؛ مەریوان نەقشبەندی دەڵێ: ”بەڵێ نزیکی و پەیوەندییان هەیە، بەڵام بێگومان بڕیاری سەرکۆمار کە چەند ساڵە تا ئێستا تێپەڕیوە، هیچ کەس نەیگوتوە مەرسووم دژی ساکۆ دەربکات، ئێستا لەم کاتە هەموو پێوەرەکان وای دەخوێننەوە، کە بەڕاستی دەستێک لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت بۆ ئەوەی کە لویس ساكۆ وەک مەرجەعی گەورەی کلدانییەکانی عێراق و جیهان نەناسرێ، من پێم وایە ئەمە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی زۆر گەورەی بەدوادا دێ، ساکۆ زۆر شتی لەسەر ئەو گرووپە شیعانە و ئەو کەسانەی نزیکن لە ئێران و دەیانەوێ گوشار بخەنە سەری، گەیاندووەتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە من لەو باوەڕەدام، لەم دوو رۆژەی داهاتوودا کاردانەوەی گەورەتر دژی ئەوانەی لەپشت ئەم هەنگاوانە بوون دەبینین، بەتایبەت ئەمڕۆ سیستانی هاتووەتە سەر خەت و مەترسییەکانی لەسەر ئەوە دەربڕیوە و داوای لێ کردووە لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە.“ ‎ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ”لویس ساكۆ خودی خۆی پێی گوتووم تەنیا لە بەغدا زیاتر لە هەزار موڵکی مەسیحییەکان لەلایەن گرووپە شیعەکانەوە دەستیان بەسەردا گرتووە.“ ‎سەبارەت بە ویستی یەکێتی و سەرکۆمار بۆ ئەوەی رەییان کلدانی لە شوێنی لویس ساكۆ دابنێن؟ مەریوان نەقشبەندی دەڵێ: ”هیچ هەوڵێکی وا بۆ لادان و پەراوێزخستنی ساكۆ سەرکەوتوو نابێت، گەورەترین مەرجەعی مەسیحییەكان لە دونیا پشتیوانی ساكۆیە و بە هەڵبژاردن هاتووە، بەڵام رەییان کلدانی هیچ باكگراوندێکی نییە، جگە لەوەی وەلائی موتڵەقی بۆ ئەو لایەنە شیعانەی پشتیوانی ئێران دەکەن، بۆیە هەر کەسێک لە پشتی بێ و هاوڕێی بێت، یان هەوڵی ئەوە بدات بیخاتە شوێنی ساكۆ، بەڕاستی رێی پێ نادرێ و شكست دێنێت.“ ‎لەبارەی ئەوەی یەکێتی بۆ ئەم یارییە دەکات؟ مەریوان نەقشبەندی بۆ (باسنیوز) گوتیشی: ”ئەو بڕیارەی سەرکۆمار لە کاتێکدایە، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە کاتێکی زۆر هەستیاردان لە هەولێر هەموو کریستیانەکانی کوردستان خۆپیشاندانیان کردووە و پشتیوانییان بۆ ساكۆ دەربڕیوە، لەو کاتە ئەم بریارە دەرچووە، هەروەها دوای ئەوە دێ، دوو کورسیی کۆتا لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دراون بە هەرێمی کوردستان، ئەمەش دیارە بەڕاستی نەک هەر یەکێتی، بەڵکوو رەییان کلدانی و زۆربەی لایەنە شیعیەکانی عێراقیشی نیگەران کردووە، رەنگە ئەم هەوڵە کاردانەوەیەک بێ بۆ ئەو هەوڵانەی کاتی خۆی پارتی توانیویەتی بە پەیوەندییەکانی خۆی و پێکهاتەکان و بەتایبەت مەسیحییەکان، دوو کورسی لە کۆی پێنج کورسیی کۆتاکانی مەسیحییەکان بخاتە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێموایە لەمەوە دژایەتیی پارتی و هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەو لایەنانەی نەیاری پارتین، دەستی پێکردووە.“