بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلوپووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابن پردێکی وەکوو پردی دەلالی زاخۆ لە مووسڵ دروست بکرێت و دەبێت ئەو پردەی هاوشێوەی پردی دەلالی زاخۆ لە مووسڵ درست کراوە، بڕووخێنرێت. محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلوپووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”نووسینێکی فەرمیی ئاڕاستەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکەین بۆ ڕاوەستاندنی کاری دروستکردنی پردێکی هاوشێوەی پردی دەلالی زاخۆ کە ئێستا خەریکە لە مووسڵ دروست دەکرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی داوەتەوە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕێ بە دروستکردنی هاوشێوەی پردی دەلال لە مووسڵ نادەین.” ئاشکرایشی کرد: ”دروستکردنی هاوشیوەی پردی دەلال لە مووسڵ بووەتە جێی نیگەرانیی هاووڵاتییانی زاخۆ و ئێمە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ئەو کارە لە مووسڵ ڕابگرن و ڕێ نەدرێت هاوشێوەی پردی دەلال لە مووسڵ دروست بکرێت.”