سەرچاوەیەك لە نووسینگەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی ژنهێنانی چوارەمی عەلی باپیر دەدات. ئەو سەرچاوەیەی نووسینگەی عەلی باپیر لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ (باسنیوز) ڕەتی كردەوە، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان خوازبێنییەكی تازەی بۆ هێنانی ژنی چوارەم كردبێت و بیەوێت بۆ چەندەمینجار هاوسەرگیری بكاتەوە. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ڕەنگە ئەو دەنگۆیانە بەهۆی ئەوەوە بڵاو بووبنەوە كە عەلی باپیر لە دوایین هاوسەری خۆیدا كە كچێكی تازە پێگەیشتووە و جیاوازیی تەمەنیان زیاتر لە 30 ساڵە و لە ماوەی رابردوودا ڤیدیۆی هاوسەرگیرییەكەیان لە تۆڕی (سناپ چات) بڵاو بۆتەوە، ”منداڵی بووە و بۆتە باوك.“ ئەمە لە كاتێكدایە كە سەربردەی هاوسەرگیریكردنە یەك لە دوای یەكەكانی عەلی باپیر، لەنێو لایەنگرانی كۆمەڵی دادگەری و لەنێو خەڵكی كوردستانیش، باس و خواسێكی هەمیشەییە. بەپێی هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراق لە هەرێمی كوردستان، فرەژنی كارێكی نایاسایی و ڕێگەپێنەدراوە، تەنیا لەو حاڵەتانەدا نەبێت كە یاسا مەرجی بۆ داناوە.