سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هاوپەیمانییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی پێک دەهێنێت

بەشێک لە وڵاتانی دەریای ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیا هاوپەیمانییەکیان پێک هێنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و خاوکردنەوەی کۆچی نایاسایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەپێی هەواڵێکی (ڕۆیتەرز)، ڕۆژی یەکشەممە، بە مەبەستی دروستکردنی هاوپەیمانییەک بە بەشداربوونی زیاتر لە 20 وڵات، کۆبوونەوەیەک لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو کە ڕاستەوخۆ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی ڕابەرایەتی دەکرد. هاوپەیمانییە نوێیەکە، پابەندبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ سەرکوتکردنی قاچاخچییەتی و خاوکردنەوەی کۆچی نایاسایی. هاوپەیمانییەکە، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بودجەیەک بەدەست بخەن بۆ پشتیوانیکردن لە پلانەکانیان، میڵۆنی پلانەكەی بە “پڕۆسەی ڕۆما” ناو برد و گوتی چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت. هەروەها پێشوازیی کرد لە وڵاتی ئیماڕات، بەمەبەستی دابینکردنی 100 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆسەکە و گوتیشی هەنگاوی دواتر ڕێکخستنی کۆنفرانسێک دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بودجەیەک بۆ هاوپەیمانیەکە. ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ڕابردوودا هەڵوێستەکانی میڵۆنی توند نەبووە لەسەر کۆچی یاسایی و ڕای گەیاندووە حکوومەتەکەی کراوەیە بە ڕووی خەڵکی زیاتردا کە لە ڕێی ڕێگا یاساییەکانەوە دێنە ئەورووپا و، ئەورووپا و ئیتاڵیا پێویستییان بە کۆچە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ ڕێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە هەوڵ دەدەن لە ڕێی ئامڕازی نایاساییەوە بە دەریای مەترسیداری ناوەنددا بپەڕنەوە. گوتیشی: ڕاگرتنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ئامانجی هەموومانە. هاوکات هەفتەی ڕابردوو یەکێتیی ئەورووپا و تونس ڕێککەوتنی “هاوبەشی ستراتیژییان” واژۆ کرد کە سەرکوتکردنی بازرگانیکاران بە مرۆڤ و توندکردنەوەی سنوورەکان لەخۆ دەگرێت. لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا (ئۆرسولا ڤۆن دێر لین) لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: “دەمانەوێت ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ تونسدا نموونەیەک بێت، نەخشەیەک بێت بۆ داهاتوو، بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا.”