دوا پەیامی کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر: دۆستە كوردە ئازیزەكانم، سوپاس بۆ میواندارییتان

پاش کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان، کونسوڵخانەی فەڕەنسا، لە هەرێمی کوردستان پەیامی ماڵئاوایی “ئۆلیڤیە دیکوتینی” کونسوڵی گشتیی بڵاو کردەوە و سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکات. ئۆلیڤە دیکوتینی نووسیویەتی: ”دۆستە کوردە ئازیزەکانم، هاونیشتمانیانی ئازیزی کوردستان، هاوڕێیانی ئازیزی کونسوڵخانەی گشتی، دوای چوار ساڵ لە ئەرک و بەرپرسیارێتی لەگەڵ ئێوەدا، ئەمڕۆ هەولێر بەجێ دەهێڵم، لەگەڵ ئێوە چەندین ساتی خۆش و ناخۆشم تێپەڕاند، بە هەموو ڕێگاکانی نیشتمانەکەتاندا تێپەڕیم و لە هەموو کەشوهەوایەکدا هەناسەم دا. لە نزیکەوە ئاگاداری برینەکانی مێژووتان بووم و لە چاوەڕوانی ئایندەتان بووم. بە هەزاران دۆستایەتییم دروست کرد کە هەموویان مرۆڤی سەرەنجڕاکێش بوون.“ هەروەها نووسیویشیەتی: ”خەڵکی کوردستان جوامێرن، لە هەموو شوێنێکەوە بە گەرمی میواندارییان کردم، هەر لە ماڵە گەورەکانەوە تا ماڵە سادەکان، ئەمە ئەو هەستەی تێدا دروست کردم کە کورد و فەڕەنسیەکان هەمیشە دۆستن. بەڕاستی ئەوە شەرەفێکی گەورە بوو کە توانیم لێرە خزمەت بکەم، بۆیە لە قووڵایی دڵەوە دەمەوێت سوپاستان بکەم.. سوپاس.“