رۆژنامه‌نووسێكی سلێمانی: ده‌بێ ‌قه‌ڵه‌مفرۆشان و خۆفرۆشان پێمان بڵێن‌ چۆن خه‌ڵكی كوردستان داوای مافەكانی له‌ به‌غدا بكات

رۆژنامه‌نووسێك له‌ سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ به‌غداوه‌ نیه‌تێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ستی به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان بكرێت. دەشڵێت: ”گرفتی عه‌قڵییه‌تی به‌غدا له‌وه‌دایه‌، كه‌ نایه‌وێت دان به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستاندا بنێت، به‌شێك له‌ قه‌ڵه‌مفرۆشانی ئه‌م شاره‌ش رۆژانێك هانی خه‌ڵكیان ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی كوردستان لەپێناو ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌.“ چۆمان خه‌سره‌و، رۆژنامه‌نووس له‌ شاری سلێمانی، بۆ (باسنیوز) گوتی: ”دوژمنانی گه‌لی كوردستان به ‌زۆر رێگا هه‌وڵیان داوه‌ قه‌واره‌ی هەرێمی كوردستان له‌ناو به‌رن، رۆژێك داعش و رۆژێك بڕینی قووتی خه‌ڵك و رۆژیك به‌ درۆن، ده‌یانه‌وێت ئه‌زموونی كوردستان و ئارامی و پێشكه‌وتنی كوردستان تێك بده‌ن، به‌ڵام نه‌زۆكانه‌ نه‌یانتوانی بە سه‌رجه‌م ئه‌و پیلانانه‌ی هه‌یانبوو به‌سه‌ر كوردستاندا سه‌ر كه‌وێت، چه‌ندین ساڵه‌ دوژمنان له‌ رێگای قه‌ڵه‌مفرۆشانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ربگرنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ خوێن به‌ده‌ستمان هێناوه‌، به‌ئاسانی راده‌ستی خه‌ڵكی دیكه‌ی بكه‌ین، له‌ كوردستانه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كۆمه‌ڵێك قه‌ڵه‌مفرۆش، به ‌مه‌به‌ستی نه‌مانی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌یانه‌وێت وا له‌ تاكی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ راده‌ستی به‌غدای بكه‌ین.“ ئه‌وه‌شی خسته ‌روو: ”ئه‌م قه‌ڵه‌مفرۆشانه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌شێك له‌ خەڵكیش دروست كرد، دواتر بۆ هه‌ندێك به‌ناو په‌رله‌مانتار و هه‌ندێك به‌ناو سیاسی، به‌وه‌ی هه‌ر ده‌بێت نه‌وتی كوردستان بدرێته‌ به‌غدا و له‌وێشه‌وه‌ بودجه‌ی كوردستان بدرێت، فه‌رموو ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگه‌ نه‌وتی كوردستان راگیراوه‌ و له‌ به‌غداوه‌ هیچ بڕه‌پاره‌یه‌ك به‌پێی رێككه‌وتنه‌كان بۆ كوردستان نه‌هاتووه‌، كه‌چی ئه‌م قه‌ڵه‌مفرۆشانه‌ هێشتا نایانه‌وێت بڵێن به ‌به‌غدا كوا مووچه‌ و شایسته‌ی دارایی خه‌ڵكی كوردستان؟ ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هۆڵی ئه‌وه‌یان ده‌كوتا كه‌ دەبێ نه‌وتی كوردستان راده‌ستی به‌غدا بكرێت، ئێستا سه‌ركزانه‌ ناوێرن به‌ خه‌ڵكی كوردستان بڵێن كوا مووچه‌ی كوردستان له ‌به‌غداوه‌ بۆ نایەت؟“ ئەو رۆژنامه‌نووسەی شاری سلێمانی گوتیشی: ”كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، ئه‌م قه‌ڵه‌مفرۆشانه‌ هێشتا ده‌یانه‌وێت له‌پێناو ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ی به‌غدا، خه‌ڵكی كوردستان بكه‌نه‌ قوربانی كه‌ هەرگیز ئاماده ‌نین دان به‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستاندا بنێن.“