لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بڕیارێکی بانکی ناوەندی کە بۆ دۆلار داویەتی هۆشداری دەدات و دەلێت: “ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی سزای نوێی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و بانكی ناوەندی.” ڕۆژی دووشەممە، بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، کارئاسانی بۆ فرۆشتنی کاش بە دۆلاری ئەمریکی بۆ گەشتیاران دەكات و بڕیاریدا “ڕێگە بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن لە پۆلەکانی (A و B) بدرێت کە ئارەزووی کردنەوەی هەژماری ئەم بانکەیان هەیە لە هەردوو دراوی دینار و دۆلار بە مەبەستی بەشداریکردن لە پەنجەرەیەکی فرۆشتن و کڕینی دراوی بیانی. ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای عێراقی ڕایگەیاند: “بانکی ناوەندی بڕیارێکی هەڵەی داوە کاتێک ڕێگەی بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن داوە، ڕاستەوخۆ دۆلار بفرۆشن بەو هاووڵاتیانەی ئارەزووی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی عێراق هەیە.” ئەحمەد مەزهەر گوتیشی: “نازانین ئیدارەی بانکی ناوەندی چۆن بڕیارێکی لەو شێوەیەی داوە و ئەم بڕیارە ڕەنگە لەگەڵ سیاسەتی گەنجینەی ئەمریکادا بەریەک بکەوێت، ڕەنگە سزای نوێ دەربکرێت، کە کاریگەری لەسەر بانکی ناوەندی هەبێت ئەگەر ئەو دۆخەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت.” رۆژی 19ی تەممووزی 2023، ئەمەریکا مامەڵەکردن بە دۆلار لە 14 بانکی عێراقیی قەدەغە کرد، ئەوەش کاریگەری لەسەر بەهای دینار کردووە و لەو ڕۆژەوە تاوەکوو ئێستا دۆلار بەردەوام لە هەڵکشاندایە. ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە: “ئەو سزایانەی کە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە دەرکراون، ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر بازاڕ هەبووە، هەروەها نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوەی زیاتر.”