ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بەردەوام بوو، ئەمەش بەهۆی دواهەمین سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر 14 بانکی عێراقی. تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە ئێستا رۆژانە دەیان کەس لە بەردەم بانکی ناوەندیی عێراقدا لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن لە دژی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، هاوکات خاوەن بانکەکانیش داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی فەرمیی دەكەن بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئەمریکا 14 بانکی عێراقی خستە لیستی ڕەشەوە. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕدا بازدانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و یەك دۆلار لە 1470 دینارەوە بووە بە 1570 دیناری عێراقی. ئەم بازدانەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا 14 بانکی تایبەتی عێراقی خستە لیستی ئەو بانکانەی کە بە گومانی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران خراونەتە لیستی رەشەوە. ئەم قەدەغەکردنە نوێیە لەلایەن گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵیی نیویۆرکەوە بەسەر بانكەكانی عێراقدا سەپێندراوە و بۆ یەکەم جار رۆژی 19ی تەممووز، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ هەواڵەكەی بڵاو کردبووەوە.