لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پرۆژەى کۆنکرێت و شۆستەکردنى چەند گەڕەک و کۆڵانێکى ناو شارۆچکەى قەڵادزێ جێبەجێ دەکرێت. ئارام محەمەد، سەرۆکى شارەوانیى قەڵادزێ بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “دواى وەرگرتنی ڕەزامەندیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پرۆژەى ڕێگاسازی و کاری کۆنکریتکردنی بەشێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی فەرمانبەران و ئیمام قاسم لەناو شارۆچکەى قەڵادزێ دەستی پێ کردووە”. گوتیشى: “پرۆژەکە بڕى 500 ملیۆن دینارى بۆ تەرخان کراوە و بریتییە لە دروستکردنی شۆستە و دانانی کربستۆن و کۆنکریتکردنی کۆڵانەکان و بڕیارە لە ماوەیەکى دیارىکراودا تەواو بکرێت کە بەهۆیەوە خزمەتێکى باش بە ڕەوشى هاتوچۆ و ژینگە و سیماى شارستانیی سنوورەکە دەگەیەنێت”. باسى لەوەش کرد: “بەدەر لەوە، ئێستا چەند پرۆژەیەکى دى لە سنوورەکەمان لە بارى جێبەجێکردنن و ژمارەیەکى دیکەش خراونەتە پلان و بەرنامە و دواى کارى پێویست و دابینکردنى بودجە بۆیان، دەخرێنە بارى جێبەجێکردنەوە”.