هەوڵەكانی عێراق بۆ دیاریكردنی سنوور لەگەڵ كوێت شكست دێنێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەنتەری لوتکە بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە عێراق هۆشداری دا لەوەی هەوڵەكانی حكوومەتی وڵاتەكە بۆ دیاریكردنی سنوور لەگەڵ كوێت، شكست دێنێت. حەیدەر عەرەب بەڕێوەبەری سەنتەری لوتکە بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان لە عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە پێویستە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی، دەستپێشخەریی پێکهێنانی شاندێکی دانوستاندنکار بكات لەسەر ئاستێکی باڵا، بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ کوێت بە سەركەوتوویی كۆتایی بە دۆسیەی دیاریكردنی سنوور بهێنێت. ئاماژەشی بەوە کردووە کە پێویستە بەرنامەیەکی تەواو دابڕێژرێت کە هەموو ئەو خاڵ و قۆناغانە لەخۆ بگرێت کە دەتوانرێ فشاریان لەسەر بکرێت یان دەستبەردار بن لە کاتی دانوستاندنەکاندا. عەرەب لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: “دۆسیەكە پێویستیی بە یەکگرتنی تەواوی هێزە سیاسییەکانی عێراق هەیە، لە دیاریکردنی سنوورەکان لەگەڵ کوێت، بەتایبەتییش بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی عێراق لە ئاوە خاکییەکانەوە.” ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە بەهۆی چەند لایەنێكی سیاسیی عێراقییەوە، دۆسیەكە لەژێر مەترسیدایە و چاوەڕێ دەكرێ بە زیانی عێراق یەكلا بێتەوە و مافی عێراق لە دیاریكردنی سنوور لەگەڵ كوێت بسووتێت.