بۆ مۆڵەتی بێ مووچە بڕیاری نوێ بۆ مامۆستایان دەردەچێ

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی بۆ مۆڵەتی بێ مووچەی مامۆستایان دەرکرد. تیایدا جەخت کراوەتەوە، ئەوانەی دوای مۆڵەتی دایکایەتی داوای مۆڵەتی بێ مووچە دەکەن، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت و مۆڵەتیان پێ دەدرێ. وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، کە 26ی تەمووزی 2023 دەرچووە و کۆپییەکی نووسراوەکەش دەست (باسنیوز) کەوتووە، درەبارەی مۆڵەتی بێ مووچەی مامۆستایانی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی چەند بڕیارێکی دەرکردووە. وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە: “پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە تاوەکوو 1ی9 لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت، دوای 1ی 9، لە دەسەڵاتی وەزیری پەروەردەدا دەبێت.” ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو مامۆستایانەی لەدەرەوەی وڵاتن و مافی ساڵێک مۆڵەتی بێ مووچەیان ماوە، بەپێی بڕیارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ. پەیوەست بە هەڵوەشانەوە و پچڕانی مۆڵەت، ئەوە دووپات کراوەتەوە، ئەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە گشتییەکانە، وەکوو خۆی بەردەوام دەبێ. باسی ئەوەش کراوە، کە خوێندنی کوردی لە کەرکووک، تەنیا دەسەڵاتی بەرزکردنەوەی داواکاریی مۆڵەتی بێ مووچەیان هەیە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، بۆ ئەوانەی دوای مۆڵەتی دایکایەتی داوای مۆڵەتی بێ مووچە دەکەن، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت. بەپێی بڕیارەکانی پێشوو، سەبارەت بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە، پێویستە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بێ مووچەکە دەست بە کار بکاتەوە و بۆ وەرگرتنی مۆڵەت دووبارە داواکاری پێشکەش بکات، بەو مەرجەی مافی مۆڵەتی بێ مووچەی مابێت. بۆ ئەو مامۆستایانەی لەدەرەوەی وڵاتن و بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، پێویستە بە راپۆرتی پزیشکیی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێین پشتڕاست بکرێتەوە و دواتر لەلایەن نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راستاندنی بۆ بکرێت و دوای پەسندکردنی لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دەکرێت مۆڵەتی بێ مووچەی بۆ درێژ بکرێتەوە. مۆڵەتی بێ مووچە بۆ مامۆستایان، بۆ ماوەی دوو ساڵە. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بۆ ساڵی نوێی خوێندن، کار بەو بڕیارانە و ڕێکار و گشتاندنەکان دەکرێت.”