ئەمڕۆ دووشەممە 31/7/2023 کودەتاچیەکانی نایجەر لەشاری نیامی هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی فەڕەنسا و ئاگریان تێبەردا. ڕۆژنامەی (لۆمۆند)ی فەڕەنسی لەبارەی هەڵکوتانە سەرکونسوڵخانەی وڵاتەکەیانەوە نووسیویەتی: “لەبەرئەوەی فەرەنسا لەڕابردوودا لایەنگری سەرۆک بازوم بوو، کودەتاچییەکان بەوە تۆمەتباری دەکەن کە دەیەوێت دەستوەردانی سەربازی بکات.” هەروەها نووسیویشیەتی: “دوابەدوای ڕووداوی کودەتاکە، یەکێتی ئەورووپا و فەڕەنسا پشتیوانییە داراییەکانییان بۆ نایجەر بڕی و ئەمریکاش هۆشداری داوە لەسەر بڕینی یارمەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕابەرانی سەربازیی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاند کە سەرۆکی وڵاتەکە محەمەد بازومییان لە کارەکەی دوور خستووەتەوە.” لەم بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە: “وڵاتەکەیان سەرجەم پشتیوانییە داراییەکانی بۆ نایجەر ڕاگرتووە، داوا دەکات سەروەری دەستوور بگەڕێندرێتەوە بۆ وڵاتەکە و بازومیش وەکوو سەرۆکی وڵاتەکە دەستبەکار ببێتەوە.” ئەم ڕووداوانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقادا، هاوپەیمانان سزایان بەسەر نایجەردا سەپاند و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزییان کرد ئەگەر ڕابەرانی کودەتاکەی نایجەر نەتوانن لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرۆکی نایجەر محەمەد بازوم بگەڕێننەوە سەر دەسەڵات، هاوکات لایەنگرانی ئەنجوومەنی سەربازیی نایجەر کە ڕابەرایەتی کودەتاکەیان کردووە هێرشییان کردە سەر باڵوێزخانەی فەڕەنسا لە نیامی و سوتاندیان. کۆمەڵگەی وڵاتانی ئابووری ڕۆژئاوای ئەفریقا کە لە 15 وڵات پێکهاتوون لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا، تاوتوێ کودەتاکەی نایجەر یان کرد و ڕابەرانی وڵاتەکان داوایان کرد سەروەری دەستوور بۆ وڵاتەکە بگەڕێندرێتەوە، هۆشدارییاندا لەسەر تۆڵەکردنەوە. لای خۆیەوە ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەرکۆنەی سوتاندنی باڵوێزخانەی وڵاتەکەت لە نیامی کرد و جەخت لەوە دەکاتەوە کە فەڕەنسا بەتوندی وەڵامی بۆ هەر هێرشێک دەبێت، کە دژی هاووڵاتییانی فەڕەنسی و بەرژەوەندییەکانی.