دایكێك كە پەكەكە منداڵەكەی ڕفاندووە، سێ رۆژە بە شەقامەكانی كۆبانێدا دەگەڕێ و داوای منداڵەكەی دەكاتەوە

دوای ئەوەی چەكدارانی پەكەكە منداڵێك لە شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستاندا دەڕفێنن، دایكی منداڵەكە ماوەی سێ رۆژە بۆ چارەنووسی منداڵەكەی بە شەقامەكانی كۆبانێدا دەگەڕێ و داوا دەكات پەكەكە، منداڵەكەی پێ بدەنەوە. گرتەیەكی ڤیدیۆیی دایكێكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بڵاو بووەتەوە، كە دەردەكەوێ بۆ ماوەی سێ رۆژە دایكێك لە دژی رفاندنی منداڵەكەی لەلایەن ڕێكخراوی بە ناو (لاوانی شۆڕشگێڕ)ی سەر بە پەكەكەوە، وێنەیەكی منداڵە رفێندراوەكەی بە دەستەوە گرتووە و بە شەقامەكانی شاردا دەگەڕێ و داوای گەڕاندنەوەی منداڵەكەی دەكات. لەمبارەیەوە عەدنان بۆزان ئەندامی کۆمیتەی سیاسیی پارتی یەكێتیی کوردستان – سووریا، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە دەستێوەردان بکەن بە مەبەستی فشار خستنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەكە. عەدنان بۆزان بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە كە منداڵە رفێندراوەكە، كچی بنەماڵەیەكی خاوەن شەهیدە و دیمەنی گەڕانی دایكی بە ناو شەقامەكانی كۆبانێدا، زۆر جەرگبڕە. دەشڵێ هێزەکانی پەیەدە و لقەکانی تری پەكەكە بەردەوامن لە رفاندنی منداڵان، لە کاتێکدا كۆمەڵگەی كوردی و هێزە سیاسییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكان بەردەوام ناڕەزایی لە دژ دەردەبڕن.