روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی داراییەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ئەمشەو سێشەممە 1/8/2023، وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: “ئێوارەی ئەمڕۆ لەچەندین میدیاو کەناڵ و پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵی ناردنی بودجەو مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاو کرایەوە.” وەزارەتی دارایی ئاماژەشی بەوەداوە، بۆ ڕای گشتی و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی ڕوون دەکەینەوە: 1- تا ئەم ساتە هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم و لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. 2- لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و هیچ دام و دەزگایەکی حکومەتی عێراقەوە هیچ شتێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بەناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. 3- هەر کات هەر بڕە پارەیەک خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی بەڕەسمی و شەفافانە کات و بڕەکەی ڕادەگەیەنین هەروەک پێشتر کردومانە. 4- تکاتان لێ دەکەین متمانە بەو کەناڵ و سایت و پەیجانە مەکەن کە ڕۆژانە نابەرپرسیارانە یاری بەهەست و سۆزی فەرمانبەران و مووچە خۆران دەکەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە لەسەر دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکەنەوە. 5- بۆ دەستکەوتنی هەواڵی ڕاست و دروست لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەو هەر بابەتێکی تری فەرمی پشت بە ڕاگەیاندن و کەناڵە فەرمیەکانی حکومەت و وەزارەتی دارایی ببەستن.