لە عێراق، شەقامێكی نوێ دوای یەك هەفتە لە كردنەوەی، دادەخرێت

دوای تەواوبوونی پرۆژەیەكی نوێی شەقامێكی سەرەكیی لە شاری كوتی عێراقدا، هەفتەی رابردوو لە مەراسیمێكدا شەقامەكە بە فەرمی كرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ شەقامەكە بە ناچاری داخرا، چونكە هەڵەیەكی گەورەی تێدا كرابوو. دوای ئەوەی لە ماوەی ئەم هەفتەیەی رابردوودا، چەندین ڕووداوی هاتوچۆ لە شەقامە تازە كراوەكەی شاری كوتدا تۆمار كرا، بەهۆی ئەوەی سەری مەنهۆڵەكان لە زەوییە قیرتاوكراوەكان نزمتر بوون، ئەمڕۆ بە فەرمی شەقامە نوێیە تازە كراوەكە، داخرا. میدیاكانی عێراق بە تەنزەوە باسی رووداوی شەقامی ئەحمەد ئەلوائیلی لە شاری كوت دەكەن و دەڵێن ڕەنگە كورتخایەنترین پرۆژەی ڕێگەوبان بووبێت لە مێژوودا، چونكە تەمەنی تەنها هەفتەیەك بوو. جگە لەوەی سەری مەنهۆڵەكان نزم دروست كراون، ژمارەیەكیشیان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا داڕماونەتەوە خوارەوە، بەهۆی ئەوەی بە كوالیتییەكی نزم دروست كراون.