ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئیزدیدا لە شنگال تێپەڕ دەبێت

نۆ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە ڕۆژی 3ی ئابی 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و لە ئەنجامدا 360 هەزار كوردی ئێزدى ئاوارەی هەرێمی كوردستان ‌بوون و خەڵكی دهۆك و هه‌ولێر و زاخۆ و ئاكرێ و ئامێدی و به‌رده‌ڕه‌ش و سێمێل و تێكڕای ناوچەكانی كوردستان دەرگای ماڵەكانی خۆیان و مزگەوتەكانیان بۆ كردنەوە و تا ئێستاش هەر ئاوارەن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. پەرلەمان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارەساتی شنگالیان بە جینۆساید ناسی و بڕیاریان دا، هەموو ساڵێك لە رۆژی 3ی ئاب بۆ ماوەی پێنج خولەك رابوەستن و رێز لە قوربانییانی جینۆسایدی شنگال بگرن. لە ئەنجامی جینۆسایدی شنگال لە ساڵی 2014، زیاتر لە 80%ی شنگال خاپوور و وێران كرا، هەتا ئێستاش بەهۆی هەبوونی گرووپە چەكدارە ناشەرعییەكان لەناو شنگال، نەتوانراوە ئاوەدان بكرێتەوە و زیاتر لە 360 هەزار كه‌سی ئێزدى ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و تا ئێستاش ئەو خەڵكە ئاوارەیە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لەو بارەیەوە، خەیری بۆزانی، سەرپەرشتی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە عێراق 550 هەزار ئێزدی هەیە، تا ئێستا 135 هەزار و 860 کەسی ئێزدی لەناو کەمپەکاندا بە ئاوارەیی لە هەرێمی کوردستان دەژین و 189 هەزار و 337 کەسی ئاوارەی ئێزدییش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، تا ئێستا پێنج هەزار کەسی ئێزدی بەهۆی جینۆسایدەوە شەهید بوون و دوو هەزار و 745 منداڵیش بەبێ سەرپەرشت ماونەتەوە.” ئاماژەی بەوەش دا کە لەدوای ئەو هێرشە هۆڤانەیەوە تا ئێستا بێجگە لە گۆڕی تاکەکەسی، زیاتر لە 83 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، سێ هەزار و 548 کچ و ژنی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندران کە لەوانە تا ئێستا هەزار و 208 کچ و ژن و هەزار و 66 منداڵ (کچ) ڕزگار کراون. سەرپەرشتی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی گوتیشی: نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییاندا تێ دەپەڕێ و هەتا ئێستا پێنج هەزار کەسی ئێزدی بەهۆی ئەو جینۆسایدەوە شەهید بوون و 120 هەزار کەسی ئێزدییش ئاوارەی وڵاتانی دەرەوە بوون.