ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا حەمدی شنگالی وەك جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەستنیشان بكات. پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: “بە پێی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ ڕواڵەتێکی فیدراڵی وەربگرێت و نوێنەری هەرێم لەناو پێکهاتەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە ئامادە بێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، د.حەمدی ئیلیاس (حەمدی شەنگالی)ی بۆ پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دیاری کرد.” ئاماژەشی بەوە داوە كە دوای ڕەزامەندیی محەمەد سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، بۆ هەمان مەبەست وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانی وەزاری دەرکرد و حەمدی شەنگالی لە کۆمپانیای سۆمۆ دەستبەکار بوو.