ئەمڕۆ هەینی تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) بڵاوی كردەوە كە توێژەرانی ئەمریکی حەبێکیان دروست کردووە، دەتوانێت یارمەتی ئیفلیجکردنی خانە شێرپەنجەییەکان بدات و ڕێگری بکات لە زۆربوون و بڵاوبوونەوەیان. لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەم حەبە پشت بە هەندێک پێکهاتەی پڕۆتینی دەبەستێت کە ڕێگری دەکات لە زیادبوونی خانە شێرپەنجەییەکانی ناو گرێ ڕەقەکان لەسەر شانە تەندروستەکانی مرۆڤ. توێژەرانی سەنتەری (city of hope)ی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەری شێرپەنجە، باسیان لەو پێشکەوتنە زانستییە کردووە کە توێژەران لە تاقیگەكانی سەنتەرەكەدا بە دەستیان هێناوە و دەڵێن ئەو حەبە خانە شێرپەنجەییەکانی ناو گرێ ڕەقەکان دەکاتە ئامانج و وەک چارەسەری کیمیایی كار دەكات. ئەنجامی توێژینەوەکەش کە گۆڤاری ئەکادیمیی Cell Chemical Biology بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ حەبەكە دەرمانێکە بە ناوی AOH 1996 و پشتڕاست کراوەتەوە كە دەتوانێ خانە شێرپەنجەیی بکاتە ئامانج.