ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند، كە لە شاری کەرکووک هێرشی کردبووە سەر ماڵە خەزوورانی. لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە كە دواى ئەوەی لە ڕێکەوتی ٣ی٨ی٢٠٢٣ لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بەناوی (ه ، م ، ع ) بە چەک هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و بووە هۆی کوژرانی خەزووری بە ناوی (ئەحمد عەباس سالح) و خەسووی بە ناوی (شلێر سالح) و خێزانی تۆمەتبارەکە بە ناوی (فێنک ئەحمد عەباس) و برینداربوونی کوڕە خەزوورەکەی بە ناوی (محمد عباس سالح)، زانیاریمان بەدەست گەیشت کە تۆمەتبارەکە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووە. ئاماژەشی بەوە داوە كە دواتر بۆیان دەرکەوت کە تۆمەتبارەكە دێتە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانیان لە (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر)، توانیان تۆمەتبار (ه ، م ،ع) دەستنیشان بکەن، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوەخۆ و بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی هەولێر و بەڕێوەبەرايەتی بازگەكان دەستگیریان کرد، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.