سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق ئاشكرای كرد، چەند داواكراوێك هەن 100 ملیار دیناریان دزیوە و لە دۆسیەی دزیی سەدەدا بەشدارن. دەشڵێت: “ئەو كەسانەی لە دزینی باجەوە گلاون، ژمارەیان لە 48 کەس زیاترە.” حەیدەر حەنوون، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “هەموو ئەوانەی لە دزیی سەدە داوا كراون لە 100 ملیار دینار كەمتر نین و هەندێك لە داواكراوان لە ئوردن و توركیان، جگە لە وەرگرتنەوەی یەكێك لە داواكراوەكان لە سعودیە، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا كاری دیكە بۆ ئەو پرسە دەكرێت.” حەیدەر حەنوون گوتیشی: ”ئێمە هەوڵ دەدەین فشار بخەینە سەر هەندێك وڵات بۆ ڕادەستكردنەوەی ئەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی، داوامان لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئیماراتیش كرد، تاوانبارە هەڵاتووەكان ڕادەست بكەن.” سەرۆكی دەستەی دەستپاكی جەختی كردەوە: پرسی دزینی باج كە بە دزیی سەدە ناسراوە، گەورەترین پرسی گەندەڵیی تێكەڵ بە خیانەت بووە و ئەو كەسانەی لە دزینی باج تێوە گلاون، ژمارەیان لە 48 کەس تێ دەپەڕێت و ڕێکارەکان تەواو دەکەین و دواتر ڕایاندەگەیەنین.” ئاماژەی بەوەش دا: “گلۆپی سوور بۆ داواکراوان هەڵکراوە، کە بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری و وەزیری دارایی حکوومەتی پێشوو، سکرتێری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، هەروەها ڕاوێژکاری سیاسیی پێشووی سەرۆکوەزیرانیشی تێدایە.”