ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی چوارقوڕنەى سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین، بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی لە نێوان دوو بنەماڵەدا، شەڕ و تەقەكردن ڕووی دا، لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون. شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژى پۆلیسى ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ڕووداوەکە لە ناحیەى چوارقوڕنە لە نێوان دوو بنەماڵەدا بووە، بەهۆى کێشەیەکى کۆمەڵایەتییەوە تەقەکردن ڕووى داوە و سێ کەس بریندار بوون”. گوتیشی هێزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و بریندارەکانیش ڕەوانەى نەخۆشخانە کراون. هەروەها باسى لەوە کرد كە ئێستا ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و کەسێک بەو تۆمەتەوە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.