لە دواى ساڵى (2003)ەوە، بەردانەوەى ئاو بۆ عێراق بە شێوەیەكى بەرچاو لەلایەن ئێران و توركیاوە بڕەكەی بەرەو كەمبوونەوە ڕۆیشتووە، خەریكە دەگاتە خاڵی سفر، بارینی بارانیش بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە ریژەكەی كەم بووەتەوە، ئاوی ژێرزەوییش بەهۆی دەرهێنانی نەوتی زۆر لەژێر خاكەكەی، بەرەو كەمبوونەوەی زۆر رۆیشتووە، دۆخەكە بەوە گەیشتووە كە پێشبینی دەكرێ لە ساڵی 2040 چیتر عێراق وڵاتی دوو ڕووبار نەبێت و رووبارەكانی دیجلە و فورات بەتەواوی وشك ببن و وڵاتەكە ببێتە بیابانێكی فراوانی بێ رووبار. لە ساڵانی رابردوودا، نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دا لەوەی عێراق بەهۆی وشكەساڵی و كەمیی بارانەوە، زۆرینەی بەنداوەكانی هەڕەشەی وشكبوونیان لەسەرە، جیا لە قۆرخكردن و گلدانەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لەلایەن توركیا و ئێرانەوە، ئەوەش كاریگەریی گەورەیان كردووەتە سەر ئاوی رووبارەكان و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان. پێشتر باس لەوە دەكرا، كە بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیا و ئێران و كەمیی باران بارین، هەردوو رووباری دیجلە و فورات بۆ 50% بە بەراورد بە ساڵی رابردوو كەم بووەتەوە، بەڵام ئێستا راپۆرتەكان و شارەزایان وادەی وشكبوونی هەردوو رووبارەكە دیاری دەكەن. عێراق بە شێوەیەك بە سەختترین قۆناغەکانی وشکەساڵییدا تێدەپەڕێت، كە بە گوتەی پسپۆڕان، ئەمە وای کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە، حکوومەتی عێراق بەناچاری كشتوكاڵ لە وڵاتەكە سنووردار بكات. ئەمڕۆ دووشەممە (٧ی ئابی ٢٠٢٣)، ئابووریناس، نەبیل ئەلمەرسوومی، ئامارێکی (شۆکهێنەر)ی سەبارەت بە قەیرانی ئاو لە عێراق ئاشکرا کردووە. ئەلمەرسوومی لە ڕوونکردنەوەیەکیدا، سەبارەت بە قەیرانی ئاو، كە لەلایەن (بەغداد ئەلیەوم) بڵاو كراوەتەوە، بەوردی و بە داتاوە باسی لەوە کردووە، کە “رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە عێراق یەکسانە بە 60 ملیار مەتر سێجا، هەروەها داهاتی ئاوی عێراق لە ساڵی 2019 یەکسان بووە بە 93 ملیار مەتر سێجا، لە کاتێکدا داهاتی ئاوی عێراق لە ساڵی 2023، تەنیا بڕی 15 ملیار مەتر سێجایە.“ ئەو شارەزای ئابوورییە ئاماژەی بەوەش کردزوە: “کەمیی یەک ملیار مەتر سێجا لە پشکی ئاوی عێراق، بە واتای دەرچوونی 260 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی دێت.” ئەو ئابووریناسە باسی لەوەش كردووە، كە پشکی سەرتاسەریی ئاو لە ساڵی 2019 یەکسان بووە بە 2 هەزار و 389 مەتر سێجا، بەڵام پشکی سەرتاسەریی ئاو لە ساڵی 2023 یەکسانە بە 348 مەتر سێجا، لە کاتێکدا كە پشکی سەرتاسەریی ئاوی عێراق ئێستا بە گشتی یەکسانە بە تەنیا 14%ی پشکەکەی لە ساڵی 2019دا. ئەلمەرسوومی دەڵێت: “پێوەرە جیهانییەکە پێشبینی دەکات، تا ساڵی ٢٠٤٠ میزۆپۆتامیا ببێتە خاکێکی بێ ڕووبار، دوای ئەوەی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەتەواوی وشک دەبن.” پێشتریش ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دیمەنە ترسناک و دڵتەزێنەکانی عێراق بەهۆی كەمیی ئاوەوە كردبوو، بە شێوەیەك ئاو لەو زەوییانە دەکشێتەوە، کە سەردەمانێک ئاو دایپۆشیبوون. نووسەری ڕاپۆرتەکە، ئەلیسا ڕۆبینز كە چەند گەشتێکی بۆ چەند ناوچەیەکی عێراق كردبوو، باسی لەوە كردووە، ئەو خاکەەی کە بە ”دەمەداسی بەپیت و لانکەی شارستانیەت و میزۆپۆتامیا دەناسرێت، ئێستا وا دەگۆڕدرێت بۆ بیابانێکی بێ بەرهەم.“ ڕۆژنامەنووسەکە باس لەوەش دەکات، بەدرێژایی ڕووباری فورات، خەڵک خانوو و ماڵەكانیان هەڵدەوەشێننەوە و شوێنی نیشتەجێبوونیان دوور دەخەنەوە و بەدوای ئاودا دەگەڕێن. ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت، کێڵگە کشتوکاڵییە وشکهەڵاتووەكان بوونەتە دیمەنێکی باو لە ناوچە سەوزەکانی وڵاتدا، لەکاتێکدا: ”ئاوی ژێرزەوی زیاتر سوێر دەبێت و بۆ خواردنەوە یان کشتوکاڵ ناگونجێت.“ ڕێكخراوەكان سەبارەت بە قەریرانە مەترسیدارەكەی ئاو ئاشكرایان كردووە كە لە ساڵى 2019دا بەهۆى كەمبوونەوەى ئاو و بەرزبوونەوەى ئاستى خوێ و بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەكان لە ڕێگەى ئاوەوە لە (145) ناوچەی عێراقدا، 21 هەزار و 314 كەس لە نۆ پارێزگاى ناوەڕاست و باشوورى عێراقەوە ئاوارە بوون. بەرلەوەش، ئاوارەبوونى بیست هەزار كەس لە كۆمەڵگە كشتوكاڵییەكان لە ساڵى (2012)دا تۆمار كرابوو، هەروەها زیاتر لە سەد هەزار كەسیش لە دانیشتوانى باكوورى عێراق بە هۆى كەمبوونەوەى ئاو لەنێوان ساڵانى (2005 و 2009)دا گوندەكانیان بەجێ هێشتووە. پارێزگاى میسان لە ڕووى وشكەساڵى و كۆچى بەكۆمەڵ بە زیانمەندترین ناوچە دادەنرێت، كە بەرزترین ڕێژەى وشكەساڵى لە گوندەكانى تۆمار كراوە.