مەسرور بارزانی: پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کراون

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/8/2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خرایەڕوو کە تایبەت بوو بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت وگاز. سەرۆک وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لەوەی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستووری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت وگاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە ڕەزامەندی حکوومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون. ئەنجوومەنی وەزیرانیش دووپاتی بایەخی هەبوونی یاسای نەوت وگازی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی ڕێکخستنی ئەم کەرتە بێت و سیستەمی فیدرالی عێراق بێت وەک لە دەستووردا هاتووە. پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان) خستەڕوو کە لە بەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 ئامادەکراوە و ئامانج لێی، دەستبەکاربوونی سندوقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی تر خەرجبکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت وکورتەباڵایان لە ڕێگای فەراهەمکردنی چاودێریی و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری و بە گوێرەی پەیڕەوەکە، ئەنجومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندوقەکە پێکدێت کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە خۆ دەگرێت و ئەوانیش هاوتای لایەنە حکومیيەکان بڕیاردەر دەبن لە بەڕێوەبردنی سندوقەکە. دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپارد، بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، ڕێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.