بەغدا هەڕەشەی سەربازیی لەسەرە

به‌پێی ئه‌و ڤیدیۆ و وێنه‌ و زانیارییانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، چه‌كی قورس له ‌سه‌ربانی باڵاخانه‌ حكوومییه‌كانی به‌غدای پایته‌ختی عێراق دانراوه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌ (سكای نیوز)ی ڕاگه‌یاندووه‌: بۆ پارێزگاری له‌ دۆخی ئاسایشی به‌غدا دۆشكه‌ و چه‌كی دژه‌فڕۆكه‌یان له‌ سه‌ربانی باڵاخانه‌ و فه‌رمانگه حكوومییه‌كانی شارەکە داناوه‌. ئه‌حمه‌د شه‌ریف، شاره‌زای سه‌ربازی ڕایگه‌یاندووه‌: دانان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌، له‌ چوارچێوه‌ی دروستكردنی پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منییه‌ بۆ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و ئه‌گه‌رێك. هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێكارانه‌دا بوو كه‌ هاوكاتی سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگریی عێراق بۆ ئه‌مریكا گیرانه‌ به‌ر. هاوكات ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا پێكدادانی سه‌ربازی سەر هەڵبدا، دووریش نییه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گیرابێته‌ به‌ر، نه‌كا له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقه‌وه‌ كاردانه‌وه‌یه‌ك نیشان بدرێت.