ئەمریکا هۆشداری دەداتە کەشتییەکانی، لە ئاوەکانی ئێران دوور بن.. ئایا شەڕە چاوەڕوانكراوەكە دەست پێدەكات؟

فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداری دەداتە ئەو کەشتییە ئەمریكییانەی بە گەرووی هورموزی ستراتیژیدا تێدەپەڕن، تا دەتوانن خۆیان لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران بەدوور بگرن، نەبادا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەستیان بەسەردا بگیرێت. ئاژانسی (Associated Press)ی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: ئەم هۆشدارییە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە لە ماوەکانی ڕابردوودا، ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا گرت لە نزیک گەرووی هورموز، ئەو گەرووە ئاوییەی سەدا 20ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران و ئەمریکا ئێستا لە ڕێککەوتنێک نزیک بوونەتەوە، کە تێیدا ملیاران دۆلاری سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشوور دەدرێتەوە بە ئێران و لە بەرامبەریشدا ئێران پێنج هاووڵاتیی ئێرانی خودان رەگەزنامەی ئەمریکیی دەستبەسەرکراو لە تاران ئازاد دەکات، ئەم هۆشدارییە دەریدەخات کە هێشتا گرژییەکان لە دەریادا ڕووی لە زیادبوونە. ئاژانسی (Associated Press) لە زاری پێنج بەرپرسی باڵای سەربازیی ئەمریکاوە ئەوەی راگەیاندووە، کە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی جێگیرکردنی هێزی سەربازیین لەسەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە بە گەرووی هۆرموزدا گوزەر ئەکەن. شایەنی باسە، لە ساڵی 2019ەوە چەندین هێرش بۆ سەر کەشتییەکان ئەنجام دراون، بەرپرسیارێتیی هێرشەکانیش خراوەتە ئەستۆی ئێران، ئەوەش دوابەدوای کشانەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا و سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا. هێرشەکان لە مانگی نیسان ئەپریلی ئەمساڵەوە دەستییان پێکردەوە، کاتێک ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرت کە نەوتی بۆ کۆمپانیای شیڤرۆن هەڵگرتبوو، لە مانگی پێنجیشدا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری دیکەدا گرت بە ناوی نیۆڤییەوە. دەستبەسەراگرتنی دوو کەشتییەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا سوپای ئەمەریکای ناچار کرد ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی سەربازیی ڕەوانەی ناوچەکە بکات، لەوانەش هەزاران سەرباز و دەریاوان و کەشتیی هێرشبەری یو ئێس ئێس باتان و یو ئێس ئێس کارتەر هۆڵ، بەشێكی زۆریش لە چاودێران پیشبینیی ئەوە دەكەن، كە رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە سەر خاكی سووریا، ئەمریكا لە هێزەكانی ئێران بدات و هەر بۆ ئەو مەبەستە ژمارەی هێزەكانی بە چەك و تفاقەوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین زیاد دەكات.