بەشێک لە کچانی ئەفغانستان لە شاری مەزار شەریفی ئەفغانستان، دژی بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە قوتابخانە و زانکۆکان خۆپیشاندانی و ناڕەزایەتییان ساز دا. بەپێی هەواڵیكی فرانس پرێس، ئەو کچانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن باس لەوە دەکەن، خوێندن و پەروەردە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و نابێت ئەو مافەیان لێ زەوت بکرێت. هەروەها داوا دەکەن ئەو ڕێگرییانەی سەپاندوویانە بەسەر ژنانی وڵاتەکەدا، بەتایبەت داخستنی خوێندنگە و زانکۆکان کۆتایی پێ بهێنرێت. لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2022، بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، لە روانگەی شەرعییەوە رێگە بە خوێندنی کچان نادات لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی ئەفغانستاندا، پاش ئەمەش چەندین جار کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لە بزووتنەوەکە کرد لە بڕیارەکە پاشگەز ببێتەوە، بەڵام تا ئێستا سوورە لە بەردەوامیدان بە بڕیارەکەی خۆی.