مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 13/8/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد کە لە جەنەرال ماتیۆ ماکفەرلین و جەنەرال جۆول ڤاول فەرماندەی گشتیی پێشوو و نوێی هاوپەیمانان پێکهاتبوو، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی جەنەرال ماکفەرلین-ی کرد بۆ هەوڵ و خزمەتەکانی لە ماوەی کارکردنیدا و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە جەنەرال ڤاول کرد و هەموو هاریکاری و پشتیوانییەکی حکوومەتی هەريمی کوردستانی لە پێناو سەرخستنی ئەرکەکەی بۆ دەربڕی. تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەردەوامبووانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو کێشە و بەربەستەکان لە بەردەم یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا. بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەسەندنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.