بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر راگەیاندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە گەڕەکی هەڤاڵان بڵاوکردەوە. ئەمشەو دووشەممە 14/8/2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “کەمێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانمانەوە بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لەگەڕەکی (هەڤاڵان)ی شاری هەولێر دەستگیر کرا کە لەکاتی دەستگیرکردنی هەوڵیداوە بە ئۆتۆمبێل هەڵبێت و خۆی لە چەند ئۆتۆمبێلێکی هاووڵاتییانی ئەو گەڕەکە داوە، بەڵام دواتر لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.” ئەوەش خراوەتە روو: “ئەو هەواڵانە دوورن لەڕاستییەوە کە باس لە برینداربوونی دوو کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەکەن و هيچ کارمەندێکمان بریندار نەبووە.”