وەیسی سەعید: شاڵاو عەلی عەسکەری دەزانێت 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتی گرووپێكی نێو حزبەكەی خۆی بوو لە كوردستان

ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتی گرووپێكی نێو یەكێتی بوو كە بافڵ تاڵەبانی بە واژۆی 32 ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی كردی. شاڵاوی عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە دوایین چاوپێكەوتنیدا، كۆمەڵێك زانیاریی هەڵە و چەواشەكاری خستۆتە ڕوو و باس لەوە دەكات كە هۆکارەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بووە، هەروەها پارتی بەوە تۆمەتبار كردووە گوایە کار لەسەر جیاکردنەوەی کوردستان دەکات. لە بەرامبەردا، وەیسی سەعید، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”کاک شاڵاو و هاوئاوازەکانی باش دەزانن ئەگەر ریفراندۆم نەبوایە، ١٠٠ ساڵی دیکەش سنووری راستەقینەی جوگرافیا و ناسنامەی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنراوەكان دیار نەدەكرا، ئێمە لە ریفراندۆم نەک زیانمان پێ نەگەشت، بەڵکوو گەورەترین دەستکەوتمان هەبوو، ئەویش تاپۆی رەشی کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنراو و داگیراوەکانمانە، چونکە ئەو کاتە پێشمەرگەی کوردستانیشی لێبوو.“ گوتیشی: ”شاڵاوی عەلی عەسکەری و هاوئاوازەکانی باش دەزانن ١٦ی ئۆکتۆبەر بەهۆی ژمارەیەک خیانەتکاری نێو حزبەکەیان رووی دا و هەموو ئەو ناوچانەی بە خوێنی کورد پارێزگارییان لێ کرابوو رادەستی حەسەن پلایس و حەشدی شەعبییان کرد، بافڵ تاڵەبانی لە شاشەی میدیاکانەوە وەرەقەیەکی بەرز کردەوە و گوتی بە واژۆی ٣٢ ئەندامی سەرکردایەتیی حزبەکەی، کە رەنگە شاڵاو خۆیشی واژۆی کردبێ، ئەو ناوچانەیان رادەست کردووە، ئێستا دەیانەوێ بەم ئاسانییە خیانەتەکەیان پاک بکەنەوە، بە چی پاک دەبنەوە؟، هەرچیی بکەن ئەو پەڵە ڕەشەی نێوچەوانیان لاناچێت.“ ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان بە شاڵاوی عەلی عەسکەری دەڵێ: ”ئەو کین و رقەی بەرامبەر پارتی لە دڵتدایە و ئەو هەموو ساڵە هەڵتگرتووە، دەتەوێ بە بەلاڕێدابردنی خەڵک دەریببڕیت؟، کاک شاڵاو دەبێت بەخۆتدا بچیتەوە و بیری نەتەوەیی و نیشتمانی پێش رق و کینە و بەرژەوەندیی كەسی بخەیت، باش دەزانیت پارتی هەمیشە هەوڵ و بەرنامەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان و یەکڕیزیی نەتەوەی كورد و نیشتمانەكەمان بووە، بەڵام حزبەکەت لەسەرەتاوە لەپێناو تێكدانی یەکڕیزی دامەزراوە و هەوڵەكانتان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە، كە زۆر جار ئەو هەوڵانەتان شکستیان پێ هێنراوە.“