وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژ کرایەوە

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژ بکرێتەوە. ئەمرۆ سێشەممە 15/8/2023، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژ بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەکی زۆر سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدان دەکەن بەمەبەستی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدانیان. کۆمسیۆن ئەوەشی خستووەتە روو کە ماوەی درێژکردنەوەکە لە سبەینێوە تاوەکوو 20/8/2023، دەبێت و لەم ماوەیەش بنکەکان لە کاتژمێر 8ی بەیانی بۆ 8ی ئێوارە کراوە دەبێت و کاری هاووڵاتییان رادەپەڕێنن. بڕیارە رۆژی 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوە بچێت.