محەمەد وەتمان: جەنابی کاک مەسعود بارزانی لای من پیاوێکی گەورەیە، گەورەی گەلەکەمانە

محەمەد وەتمان، پێشمەرگەی دیرین و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەبارەت بە یادی 77 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی لە بنەماڵەی شەهیدانی پارتی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە دەكات.محەمەد وەتمان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵەی شەھیدانی پارتی و پێشمەرگە تێکۆشەرەکان و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە دەکەم، بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی سەرەکیی کوردستان، ھەمیشە ڕۆڵی کارای ھەبووە لە ئازادی و ئارامی و پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەو کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانەی کە بەسەر گەلی کورددا ھاتوون.“ڕوونیشی كردەوە: ”جەنابی کاک مەسعود بارزانی لای من پیاوێکی گەورەیە، گەورەی گەلەکەمانە، پێشتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە و ئێستا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، خودی خۆم ھەمیشە ڕێزم لە خەبات و تێکۆشانی جەنابی کاک مەسعود بارزانی گرتووە، بۆیە پێویستە ھەموومان ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی سەرکردەکانی کورد بگرین، چونکە ئەم کوردستانە بە خوێنی شەھیدەکانمان و سەرکردەکانمان بینا کراوە.“محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا: ”جەنابی کاک مەسعود بارزانی، بە درێژایی مێژووی ژیانی خەبات و تێکۆشانی بۆ گەلی کورد کردووە، بۆیە ناکرێت لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و شەڕی ڕژێمی بەعس لە دژی خەڵکی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاوی کاک مەسعود بارزانی لەبەرچاو نەگرین، بێگومان جەنابی کاک مەسعود و جەنابی مام جەلال وەک دوو سەرکردەی گەلی کورد، ھەمیشە لە دژی داگیرکەران خەباتیان کردووە و لەسەر دەستی ئەو دوو سەرکردەیە گەلی کورد بە ئازادی و ئارامی ژیاوە.“