ئەمشەو لە ڕانیە، كەسێك بە ناوی نیاز دەرگەڵەیی كە ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك بووە لە فەرماندەكانی نزیك لە لاهوور جەنگی، كوژرا كە گومان دەكرێت ئەویش هاوشێوەی موراد كانی كوردەیی، هاوكار جاف، ئاكام عومەر و كاروان عەلی شامار، یەكێكی دیكە بێت لە قوربانییانی تیرۆری یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، نیاز دەرگەڵەیی لەم ماوەیەی دواییدا ترسی لەوە هەبووە كە بكرێتە ئامانج. لەمبارەیەشەوە سالار ڕواندزی، فەرماندەی نزیك لە لاهوور جەنگی، پاش كوژرانی نیاز دەرگەڵەیی، نووسیویەتی: ”هەواڵی مەرگت تاساندمی هاوڕێم.“ ئەوەشی ئاشكرا كردووە: ”بیرتە دواجار لەگەڵ عەمید ڕێکەوت هاتین گوتت وەرە با بۆ دواجار وێنەیەک بگرین؟ ئەو دەستە ڕەشە کێ بوو دەستی چۆتە خوێنت؟” ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە نیاز دەرگەڵەیی لە ژیانی خۆی دڵنیا نەبووە. هەر لەمبارەیەوە سامان جاف، برای هاوكار جاف (ئەو ئەفسەرەی ئەنجوومەنی ئاسایش كە لە لایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە تیرۆر كرا)، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، نیاز دەرگەڵەیی ”قوربانیی دەستی بافڵ تاڵەبانی و تاقمە تیرۆریستییەكەیەتی.“ ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە“دوو هەفتە لەمەوبەر، بافڵ تاڵەبانی 20 خولەك به مۆبایل قسهی لهگهڵ نیاز دهرگهڵهیی كردووە.“ هەروەك ڕوونی كردۆتەوە: ”كهمێكی تر ماستاوچییەكانی حزبهكهم دێنه سهر خهت بۆ شاردنهوهی تیرۆرەكه، یان دهڵێن به كێشهی كۆمهڵایهتی تیرۆر كراوه، یان دهڵێن خۆی ئینتیحار كردووه، یانیش دهیكهنه ملی پارتییهوه .“ لە كۆتاییشدا ئاشكرای كردووە و نووسیویەتی: ”ڕاستیتان دهوێ؟ ئهو كهسانهی كاروان عهلی شامار و هاوكار جاف و موراد كانی كوردهیی و ئاكام عومهریان تیرۆر كرد، ههر ئهوانه نیاز دهرگهڵهییان تیرۆر كردووە، بهس سیناریۆی تیرۆرەكه ئهمجاره وهك فیلمە هیندییهكان ئۆتۆمبێلی تێدا نهبووه.“ زانیارییەكیشی دركاندووە كە بڕیار بووە نیاز دەرگەڵەیی ببێتە بەرپرسی سنوری بازنەی سۆران لەسەر لیستەكەی لاهوور جەنگی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. دەقی نووسینەكەی سامان جاف، برای هاوكار جاف: