دادگای عێراق: وەزیری نەوت 14 شوقە و چەندین موڵكی بە نایاسایی كڕیوە

دادوەرێكی دادگای تایبەت بە دۆسییەكانی گەندەڵی ئاشكرای كرد، وەزیری پێشووی نەوت پارەی زۆری وەرگرتووە و دەشڵێت: ”کۆمەڵێک خانووبەرە و 14 شوقەی نیشتەجێبوونی كڕیوە و بە ناوی براکانی هاوسەرەكەیەوە كردووە.” زەیا جەعفەر، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ، تایبەتە بە دۆسیەكانی دەستپاكی بە میدیای فەرمیی حكوومەتی عێراقی ڕاگەیاند: “لەو لێکۆڵینەوانەی کە لەلایەن دادگاوە کراون دەر كەوتووە کە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوت لەلایەن وەبەرهێنەرێکەوە پارەی زۆری وەرگرتووە.” ئەو دادوەرەی دۆسیەكانی دەستپاكی ئاشكراشی كرد: وەزیری پێشووی نەوت چەندین موڵكی بە نایاسایی كڕیوە و تاپۆی كردوون، دەشڵێت: “لە لێکۆڵینەوەکان دەر کەوتووە کە کۆمەڵێک خانووبەرە هەبوون بە ناوی براکانی هاوسەری وەزیری نەوتەوە تۆمار کراون، لە نێویاندا سێ خانووبەرە لە بەسرە، دوو موڵکی جیاواز، کە هەریەکەیان ڕووبەری 900 مەتر و 14 شوقەی نیشتەجێبوونیان هەیە، خانووبەرەیەک بە ڕووبەری 10 دۆنم و خانووبەرەیەک بە ڕووبەری 600 مەتر لە ناوچەیەکی جیاواز.” ئاماژەی بەوەش دا: “ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر هیچ کەسێک ناگیرێتە بەر، تەنیا دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی کۆکردنەوەی دەرەنجامەکان و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کە بوونی پێشێلکاری، یان کەمتەرخەمی نیشان دەدەن و دواتر ڕێوشوێنی یاسایی دەگیرێتە بەر.” پێشتر زەهرا ئەلبجاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی سادیقوون، لە ڕاگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كردووە: ”فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەك لەو وەزیرانەی پێشووی حكوومەتی عێراق دەرچووە، کە لە دزینی سامانی گشتییەوە گلاون، دیارترینیان گەندەڵیی گەورە و بێشوماری وەزیری نەوتی پێشووی عێراقە.” ئەلبجاری، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەك وەزیری حكوومەتی مستەفا كازمی دەرچووە، كە یەكیان دژی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری پێشووی نەوتە کە “لە گەندەڵیی دارایی و ئیداری و قۆستنەوەی پۆستەكەی بۆ دەوڵەمەندبوونێكی قێزەونەوە گلاوە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە برا و ئامۆزاكانی لە وەزارەتی نەوت دامەزراندووە و كۆمپانیای تایبەتی بە ناوی هاوسەرەكانییەوە دامەزراندووە، تاوەكوو پرۆژەی گەورەیان بداتێ.”