كه‌شناسی عێراق: سبەی و دوو سبەی خۆڵبارین دەبێت و پلەی گەرماش دادەبەزێت

دەستەی کەشناسی عێراق، پێشبینی دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی خۆڵبارین دەکات، بەڵام خۆڵبارینەكە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە. لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەی کەشناسی عێراقدا هاتووە: “سبەی هەینی، کەشوهەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان ئاسایی دەبێت، لە کاتێکدا کەشوهەوا لە ناوچەکانی باشوور، گەرم دەبێت و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور خوڵبارین دەبێت.” ئاماژەی بەوەش داوە، بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە روو: “کەشوهەوای ڕۆژی شەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان ساماڵ دەبێت، هاوکات کەشوهەوای ناوچەی باشوور گەرم دەبێت، و خوڵبارین دەبێت.” جەخت كراوەتەوە کەشوهەوای ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو ئاسایی دەبێت و خۆڵبارین نابێت و لە هەرێمی كوردستانیش پلەكانی گەرمی زیاتر دادەبەزن. دوێنێ 23ی ئاب، بەشی پێشبینی كەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە کە شەپۆڵەكانی گەرما كۆتاییان هات و كەشەكە فێنك دەبێت. ‎جەختیشی كردەوە، كە ڕۆژی ھەینی زیاتر ھەست بە نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما دەکرێت وە ڕۆژی دووشەممە جیاوازی دابەزین لە پلەکانی گەرما بە نزیکەی شەش بۆ هەشت پلە نزم بوونەوە دەبێت لە پلەکانی گەرما و رۆژی سێشەممەش تا ڕادەیەك كەشەكە فێنك دەبێت.