لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پرۆژەى تۆڕى ئاوى خواردنەوە بۆ گوندێکى سنوورى قەزاى کۆیە جێبەجێ دەکرێت.
هەڵگورد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى ناحیەى ئاشتى، ڕاگەیاند: “پرۆژەکە بۆ گوندى قەسرخرابە لەسەر بودجەى وشکەساڵى کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دابینى کردووە، جێبەجێ دەکرێت “.
گوتیشى: “پرۆژەکە بریتییە نوێکردنەوە و فراوانکردن و دووبارەڕاکێشانی هێڵی نوێی ئاوی خواردنەوە لە بۆڕیی سەرەکییەوە بۆ تەواوی ماڵەکانی گوندەکە”.
باسى لەوەش کرد: “بەدەر لە چارەسەرکردنى گرفتى ئاوى خواردنەوە، پرۆژەکە کاریگەرییشى دەبێت لە ئاوەدانیى گوندەکە”.
بەڕێوەبەرى ناحیەى ئاشتى ئاماژەى بەوەش کرد: “پرۆژەى درێژکردنەوەى بەشێکى دووسایدى ناحیەى ئاشتى و قیرکردنى جێبەجێ دەکرێت و چەندین پرۆژەى دیکەش خراونەتە پلان و دواى دابینکردنى بودجە، دەخرێنە بارى جێبەجێکردنەوە”.