سه‌رۆكی بۆردی مادده‌ی 140 و نوێنه‌ری حكوومه‌تی كوردستان له لێژنەی مادده‌ی 140 له به‌غدا ڕایگه‌یاند، ئه‌و خۆپیشاندانه‌ى له كه‌ركووك كرا، داواكاریی كوردانی كەركووك بوو بۆ كردنه‌وه‌ى ڕێگەی نێوان هەولێر – كەركووك، كەچی شۆڤێنییەكان و هێزە عێراقییەكان چەكیان بە ڕوودا بەرز كردنەوە.
دژوار فایق، سه‌رۆكی بۆردی مادده‌ی 140 نوێنه‌ری حكوومه‌تی كوردستان له لێژنەی مادده‌ی 140 له به‌غدا، بۆ (باس‌نیوز) گوتیشى: ”ئه‌وه‌ى ڕووی دا له كه‌ركووك به سیناریۆى پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌زانم، ئه‌وان له‌ژێر كاریگه‌ریى بیری عه‌ره‌به شۆڤێنییە دیكتاتۆرهكاندان، ئه‌وان كورد به هاوبه‌ش و خاوه‌ن ماڵ نازانن، جارى دیكەیش پێش هه‌ڵبژاردن كارى جۆراوجۆر كراوه، ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت پارتى نه‌گەڕێته‌وه بۆ كه‌ركووك و ترسیان له گه‌ڕانه‌وه‌ى پارتی بۆ كه‌ركووك هه‌یه، ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره هه‌ڵبژاردن بكرێت، پارتى ده‌نگى زیاتر دێنێت و ده‌نگى پارتى زیاد ده‌كات، ده‌شزانن ئه‌گه‌ر پارتى سه‌ربكه‌وێت، ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست و لاشیان وایه ئه‌گه‌ر پارێزگار كورد بێت، كورد مافى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و رێگاخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140.“
ئەوەشی ڕوون كردەوە: ”ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له شارى كه‌ركووك، كورد چاوترسێن بكه‌ن، پارتى پێشتر باره‌گاى له كه‌ركووك نه‌بوو، به‌ڵام پارتى له‌نێو دڵ و ڕووحى جهماوهرهكهیدایە له كه‌ركووك، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و هه‌ر حزبێكى دیكە بۆچوونیان ئه‌وه بێت، كه رێگرى بكه‌ن له گه‌ڕانه‌وه‌ى پارتى، ئه‌وا كارێكى خراپه و ده‌بێت هه‌موو حزبه كوردستانییه‌كان كاریان ئه‌وه بێت به‌رگرى له خه‌ڵكى شاره‌كه بكه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن هێزه بیانییەكان له شاره‌كه ده‌ربكه‌ن.“
ئه‌و به‌رپرسه ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد: ”پارتى هه‌میشه هێزى چاره‌سه‌ر بووه له عێراق، به‌تایبه‌تى له‌نێوان عەرەبەیلی شیعه و سوننه و به‌رگریى له‌و ئاوارانه كرد كه له ده‌ستى داعش هه‌ڵاتن، له ئه‌رشیفى عێراقیشدا كه‌ركووك هه‌ر شارێكى عێراقى كوردستانى بووه، ئامارى 1957یش نیشانده‌رى ئه‌م ڕاستییەیه، له‌وه‌ته‌ى هه‌ڵبژاردنیش له كه‌ركووك ده‌كرێت، هه‌ر كورد له شاره‌كه یه‌كه‌م ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ركووك شارى برایەتى و پێكه‌وه‌ژیان بووه، ئێمه له‌گه‌ڵ پێكهوهژیانداین له شاره‌كه.“
له‌باره‌ى بڕیارەكەی دادگاى عێراق به‌رامبه‌ر به رادهستنەكردنهوهى باره‌گاى پارتى دەڵێت: ”بینیمان به یه‌ك ڕۆژ كه‌سێك شكاتى كردووه له دادگا و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش بڕیارێكیان دا، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه نابێت و نه‌بووه له مێژووى هیچ دادگایه‌ك له دنیا به‌بێ به‌ڕێوه‌چوونى دانیشتنى دادگا، هه‌ر هه‌مان ڕۆژ بڕیار بدات، ئه‌وه سیناریۆیه‌ك بوو دژى پارتى دایاننا، به‌ڵام چوونه‌وه‌ى پارتى مافى ڕه‌واى خۆیه‌تى و حزبێكى گه‌وره‌یە و له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا حزبى یه‌كه‌مه، له‌سه‌ر ئاستى عێراقیشدا هه‌ر یه‌كه‌مه، پارتى له ساڵى 1953 كۆنگره‌ى سێیه‌مى حزبى له كه‌ركووك به‌نهێنى به‌ستووه، پارتی حزبێكی توندڕه‌و نییە و هه‌میشه ده‌ستى ئاشتی و برایه‌تیی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی شارەكە درێژ كردووه.“