وەزارەتی ناوخۆ روونکردنەوەیەکی لەبارەی سزای سەرپێچی شۆفێران بڵاو کردەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی سزای سەرپێچی شۆفێران بڵاو کردەوە.

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە: “بە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی شەش مانگ لە 28/8/2023 تا 28/2/2023 لە 20٪ سزاکانی هاتووچۆ خۆشبوو.”

ئاماژە بەوەش کراوە کە لە دوای 29/2/2023ەوە هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەبێ لە ماوە 30 رۆژ وەکوو ئەوەی لە یاسای هاتوچۆدا هاتووە سزای سەرپێچییەکە بدات، بەپێچەوانەوە سزاکەی دەبێتە دوو هێندە.

دەقی روونکردنەوەکە:

لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆوە ٢٠٪ لێخۆش بوون لە سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگەیەندرا

ئاماژە بە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (١٠٦١٢ لە ٢٨/٨/٢٠٢٣) و نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٢١٨٠٥ لە ٨/٨/٢٠٢٣) کە ئاراستەی بەڕێزیان کرابوو، بە گوێرەی فەرمانی وزاری ژمارە (٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣) وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی (٦) شەش مانگ لە ٢٨/٨/٢٠٢٣ تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ لە ٢٠٪ سزاکانی هاتوچۆ خۆشبوو.

بە گوێرەی فەرمانی ئاماژە بۆ کراو لە سەرەوە، ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی پێشووی سزاکانی هاتوچۆیان لەسەرە لەگەڵ ئەوانەش کە لە ماوەی دیاریکراو لە فەرمانەکە سەرپێچی هاتوچۆ دەکەن و سزا دەدرێن، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی باری دارایی هاووڵاتیان، تەنیا ٨٠٪ی بڕی سزاکە دەدەن.

واتا هەر هاووڵاتییەک سزاکانی هاتوچۆی لەسەر بێت تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ تەنیا ٨٠٪ی سزاکە پاکتاو دەکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوون لە ٢٠٪ی سزاکەی بۆ دەکات.

هەر لە فەرمانە وزارییەکە هاتووە: “لە دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە، هەر کەسێک پێبژاردن نەدات لە ماوەی (٣٠) رۆژدا، ئەوا بە پێی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.

واتا لە دوای تێپەڕبوونی ئەو شەش مانگەی لە فەرمانی وزاری سەرەوە هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان کار بە بڕگەی (٣) لە بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ دەکەن کە باس لەوە دەکات کە سزای سەرپێچی هاتوچۆ پێویستە لە ماوەی (٣٠) رۆژ لە ئەنجامدانی سەرپێچییەکە بدرێت، بە پێچەوانەوە سزاکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

واتا هەر هاووڵاتییەک لە ٢٩/٢/٢٠٢٤ەوە هەر جۆرە سەرپێچییەکی هاتوچۆ بکات و سزای دارایی بدرێت، پێویستە لە ماوەی یەک مانگ بڕی ئەو سزایە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند پاکتاو بکات، ئەگەر لە (٣٠) ڕۆژ زیاتر بە سەر سەرپێچیەکە تێپەڕ بێت، بڕی سەرپێچییەکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

شوفێرانی ئازیز ئاگادار دەکەینەوە کە ئامانجی سزای سەرپێچی بۆ ڕێگریکردنە لە ئەنجامدانی سەرپێچی نەک بۆ سزادانی خەڵک. کاتێک شوفێر تا مۆڵەتەکەی نوێ دەکاتەوە یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت، سزاکانی پاکتاو ناکات، سزاکەی کاریگەری نابێت و نابێتە ڕێگر لە دووبارە نەبوونەوەم بۆیە چەندین شوفێر کەوتوونەتە ژێر قەرزی گەورەی سزاکانی هاتوچۆ و بە ئاسانی ناتوانن پاکتاوی بکەن.

بە پێچەوانەوە، ئەگەر شوفێر مانگانە کە سزای هاتە سەر و پێش ٣٠ ڕۆژ ناچار بوو سزاکەی بدات، بێگومان پێداچوونەوە بە خۆی دەکات و هەوڵ دەدات سەرپێچی نەکات، بەم جۆرەش ناکەوێتە ژێر قەرزێکی گەورە و مەترسیش لەسەر خۆی و خەڵکی دیکە کەم دەکاتەوە.

داوا لە شوفێرانی ئازیز دەکەین کە خۆیان لە سزاکانی هاتوچۆ بپارێزن و پابەند بن بە ڕێنماییەکان.

ئەوانەی سزایان لەسەرە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و تا ٢٨/٢/٢٠٢٤ پاکتاوی سزاکان بکەن و سوود لە ٢٠٪ی لێخۆشبوون وەربگرن، هەروەها لە دوای ئەو ڕێکەوتە خۆیان بپارێزن و ئەگەر سەرپێچیان کرد مانگانە سزاکانی خۆیان پاکتاو بکەن دەنا بڕی سزاکان دەبێتە دوو بەرامبەر.

هیوادارین هەموو لایەک پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بین و دوور بکەینەوە لە سەرپێچییەکانی هاتوچۆ.

راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٠/٩/٢٠٢٣

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *