چەند ڕۆژێكە لە میدیاكانی عێراق دەنگی ناڕەزایی هاووڵاتییان لە بەرانبەر زیادبوونی تاوەرەكانی كۆمپانیاكانی مۆبایل لەناو گەڕەك و شوێنەكانی نیشتەجێبوون بەرز بووەتەوە، ئاماژە بەوە دەكرێ كە ئەم تاوەرانە یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوونن بە نەخۆشیی شێرپەنجە.
بەم هۆیەوە لە پارێزگای دیالە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی ناڕەزایی جەماوەری ئەنجام دراوە و داوای لابردنی تاوەرەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکان دەكەن لە ناوچەكانی نیشتەجێبوون، چونکە دانیشتووان هۆکاری بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە بۆ ئەو تاوەرانە دەگەڕێننەوە کە دەڵێن زۆر لە ماڵەکانیانەوە نزیکن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە زاری عەبدوڵڵا ئەلحەیاڵی بەڕێوەبەری شارەوانیی بەعقوبەی سەنتەری پارێزگای دیالەی گواستووەتەوە كە تاوەرەکانی کۆمپانیاكانی مۆبایل لە پارێزگای دیالە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی دەبنە هۆی تووشبوونی هاووڵاتییان بە نەخۆشی شێرپەنجە، بە تایبەتی خەڵکی ناوچەی مەفرەق لە ڕۆژئاوای بەعقوبە.