گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ماوەی ساڵێكە ئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپا لە دوای گەشتكردنی بۆ ئێران، دەستگیر کراوە.
ئەمڕۆ سیشەممە 12/9/2023، مەسعوود ستایەشی، گوتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند: “هاووڵاتییەکی سوید کە کارمەندی یەکێتیی ئەورووپایە و دیپلۆماتکارە، ماوەی یەک ساڵە لە ئێران دەستگیر کراوە.”
باسی لەوەش كرد كە لێکۆڵینەوەکان لەم کەسە خەریکە کۆتاییان پێ دێت و دۆسیەکەی دەچێتە دادگا و دواتر بڕیاڕی کۆتایی لەسەر دەدرێت.
هەفتەی ڕابردوو، سوید و کۆمسیۆنی ئەورووپا ئاشكرايان كردبوو، کە هاووڵاتییەکی سویدی بە ناوی (یووهان فلودێروس)، کە کارمەندی دەزگای دیپلۆماتیی یەکێتیی ئەورووپایە، زیاتر لە 500 ڕۆژە لە ئێران دەستگیر کراوە.