ڕێکخراوێکى بیانى چەند پرۆژەیەک لە ناحیەى سەروچاوەى قەزاى ڕانیەى ئیدارەى ڕاپەڕین جێبەجێ دەکات و بەڕێوەبەرى ناحیەکەش دەڵێت بەو هۆیەوە ژمارەیەک دەرفەتى کار بۆ دەرچوانى بەشى کشتوکاڵ دەڕەخسێت .
ئیبراهیم مەحموود، بەڕێوەبەرى ناحیەى سەروچاوە بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ڕێکخراوى (wfp)ى نەتەوە یەکگرتووەکان جگە پرۆژەى لە دارستان و جۆگە ئاودێرییەکان بۆ سەروچاوە، بەڵێنى دابینکردنی هەنگیان بۆ ۲۰ کەس لە سنوورەکە پێ داوین، ئێمەش لاى خۆمانەوە پێشنیارمان کرد کە ئەو کەسانەى هەنگەکانیان پێ دەدرێت دەرچوانی بەشەکانى کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ بن، ئەوانیش ڕەزامەند بوون لەسەر پێشنیارەکە”.
گوتیشى: “بۆیە لە ئەمڕۆوە دەرچوانى بەشەکانى کشتوکاڵ و ئاژەڵ لە پەیمانگا و کۆلێژى کشتوکاڵى کە دانیشتووى سنوورەکەمان بن دەتوانن سەردانى ناحیە بکەن و ناوى خۆیان و هەموو ئەو بەڵگانەى پێویستن لەگەڵ خۆیان بهێنن”.
بەڕێوەبەرى ناحیەى سەروچاوە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: “دواى ئەوەى ئەو دەرچوانە داوایان پێشکەش کرد و مەرج و ڕێنوێنییەکانیان تێدا بوو، خولێکى ڕاهێنیان لەسەر بەخێوکردنى هەنگ بۆ دەکرێتەوە و هەنگەکانیان بێ بەرانبەر پێشکەش دەکرێت و چاودێریى کارى بەخێوکردنى هەنگەکانیشان دەکرێت”.