بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ لە سنووری شەقڵاوە دەستگیر کرا

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد دوای پێنج ڕۆژ تێپەڕین بەسەر کوشتنیاندا، بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ لە سنووری قەزای شەقڵاوە دەستگیر کرا.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی لە شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو 12/9/2023 لە قەڵادزێ سێ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران، دەستبەجێ بە هاوبەشیی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ڕاپەڕین دەست کرا بە ڕێکاری یاسایی و دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری لە ئەنجامدا توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت.”

گوتیشی: “دوای دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبارەکە کە ڕای کردبوو بۆ کۆڕێ لە سنووری قەزای شەقڵاوە، زانیاریمان دایە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە لەلایەن پۆلیسی کۆڕێ و ئاسایشی سنوورەکە توانرا تۆمەتباری سەرەکیی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ دەستگیر بکرێت.”

باسی لەوەش کرد: “تۆمەتبارەکە ناوی (ق،هـ) تەمەن 29 ساڵە و  چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین بکرێتەوە و لێکۆڵنەوەی لەگەڵ دەست پێ دەکەین.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *