گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێگەى جێبەجێکردنى گەشتیاریى پیادڕۆیى بە شاخەکاندا دەرفەتى کار بۆ چەندین هاووڵاتى ڕەخساوە و ناوچە جیا جیاکانیش بە گەشتیارانى بیانى ناسێنراون.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى گشتیى دەستەى گەشتوزار، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانەکانى گەشەدان بە کەرتى گەشتیارى، ماوەیەکە گەشتیارى پیادەڕۆیى کەوتووەتە بارى جێبەجێکردنەوە کە بریتییە لە هاتنى گەشتیار و شاخەوانى بیانى بۆ پیادەڕۆیی لە شاخەکانى هەرێمى کوردستان”.
گوتیشى: “بۆ ئەو مەبەستە گرووپێک ڕێچکەی چیای زاگرۆس (Zagros Mountain Trail)یان دامەزراندووە کە ڕێگایەکی 215 کیلۆمهترییه له ههرێمی کوردستان و لە گوندی شووشى ناوچەى بادینان دهست پێ دهکات تا دهگاته بناری چیای هەڵگورد لە باڵەکایەتى و یهکهم ڕێچکهی چیایی درێژمهودایه له ههرێمی کوردستان که گەشتیارانی بیانی به کولتوور و ئایینی جیاواز و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و دیمهنه سروشتی و دڵڕفێنەکانی کوردستان ئاشنا دەکات.”
باسى لەوەش کرد: “ئەو ڕێچکەیە دەبێتە سەرکەوتووترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیارانی پیادەڕۆیى دەرەوە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی بیانی ڕادەکێشیت و دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەزیندووییهێشتنەوەی مێژوو و پێکەوەژیانی ناوازەی ناوچەکە و هاوکات دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێ بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سەر ڕێچکهی چیای زاگرۆس.”
ئاماژەى بەوەش دا: “ڕێچکەی چیای زاگرۆس بە ٣٦ گوند و پێنج شار (ئاکرێ، دینارتە، سۆران، ڕواندز، چۆمان) تێپەڕ دەبێت و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو (تشرینى یەکەم) لە ڕێوڕەسمێکدا بەفەرمی ڕابگەیەنرێت”.