بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە، لافاوێکی بەهێز شارەکانی باکووری ئێرانی گرتەوە، بە جۆرێک کە ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، لافاوی لەم شێوەیە ڕووی نەداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20/9/2023، میدیاکانی ئێران بڵاویان كردەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی بارانبارینێکی زۆرە، لافاوێکی بەهێز ناوچەکانی باکووری ئێرانی گرتووەتەوە و ژیانی خەڵکی ڕووبەڕووی کێشە کردووەتە و تا ئیستا چەندین کەس بریندار بوون.
لەم ماوەدا زیاتر لە 271 ملم باران باریوە، کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا بارانی لەم شێوەیە نەباریوە، بە شێوەیەك، لافاو زۆر شەقام و خانووی تێك داوە و ژیانی ئاسایی خەڵكی تووشی كێشە كردووە، تا ئەو ئاستەی سێ ڕۆژە كارەبا و ئاوی خواردنەوە لەم ناوچانە نەماون.
وەك لە وێنە و ڤیدیۆكاندا دیارە، کە خەڵک لە ناو خانووەکان گیریان خواردووە و ئاو چووەتە هەموو شوێنەکان و ڕێگای هاتوچۆکردنی گرتووە و شەقامەكانی تێك داوە.